بەفەرمانی سودانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکدەهێنرێت

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 179

راچڵەکین-

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بەفەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکهێنرا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەن و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەدۆزنەوە و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ئەو هێرشە تێکدەرانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆی کردە ئامانج پێکهێنرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تاوانباران لەسەر ئەم هێرشانەی کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئابووری نیشتمانی دەدەن بە سزای خۆیان دەگەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

وەزارەتی کارەباش رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن