داوای دەستبەجێ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە رەفەح دەکرێت

جیهان

15/05/2024     ژمارەی بینراو 434

راچڵەکین-

لەلایەک یەکێتی ئەوروپا داوای وەستاندنی بەپەلەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح دەکات؛ لەلایەکی دیکەش ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی هاوکاری سەربازی بەبەهای یەک ملیار دۆلار چەک.

سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل، وەکو ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکوور و باشووری غەززە چڕتر بووەتەوە.

یەکێتیی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە رەفەح بهێنێت و هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەگەر بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکان ئەوا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا تێکدەچێت.

 

هاوکات ئەمریکا سەرەڕای هۆشدارییەکانی پێشووی بەئیسرائیل، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی چەک بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل.

لە بەیاننامەکەی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە: ئەگەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕەفەح بەردەوام بێت، ئەوا ئەم پرسە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئیسرائیل.

ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، لە دوای گرتنی دەروازەی رەفەح لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، گەیاندنی یارمەتییەکان ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە، چونکە دەروازەکە رێڕەوی گەیاندنی هاوکاری مرۆییە بۆ خەڵکی غەززە.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە بارێکی چەکی بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە، ئەمەش وەک پلانی بۆ دانراوە بەردەوامیش دەبێت. ئەم هاوکارییە سەربازییە جیاوازە لەو بارە چەکەی کە بۆمبی گەورە بوون و هەفتەی ڕابردوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دا ناردنەکەی بۆ ئیسرائیل ڕابگرن.

ئەم چەکانە بەشێکن لە پاکێجێکی یارمەتی دەرەکی بە بەهای 95 ملیار دۆلار کە حکومەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان لەبەرچاوی گرتبوو.

هەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی جۆ بایدن دانی بەوەدانا کە ڕەنگە بەشێک لە چەکەکانی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی سەر هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی بەکارهێنرابێت، کۆشکی سپی کەوتۆتە ژێر فشارێکی توندەوە.

حکومەتی ئەمریکا لەم دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەو وڵاتە نووسیبووی کە "ڕەنگە" ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لە غەززە یاسا مرۆییەکانی پێشێل کردبێت.

ئەم ڕاپۆرتە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە جۆ بایدن بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح ئەنجام بدات، ناردنی هەندێک چەک و تەقەمەنی ڕابگرێت.

هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس ئاشکرای کرد کە ئەو بارەی بۆمبەکان کە بۆ ئێستا ڕاگیراون بریتین لە؛ هەزار و 800 بۆمبی 2 هەزار پاوند (907 کیلۆگرام) و هەزار و 700 بۆمبی 500 پاوند (226 کیلۆگرام).

دوای وەستاندنی ناردنی بۆمب، دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەمریکا "لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە" ناکۆکییەکە چارەسەر دەکەن.

رەفەح، ئەو ناوچەیەی کەرتی غەززەیە، کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی جەنگی تێدا جێگیرە و ئیسرائیل دەیەوێت بەمەبەستی "لەناوبردنی حەماس" هێرشی فراوانی بکاتەسەر. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل، تا ئێستا نزیکەی 450 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن