یوسف محەمەد: پێداگری پارتی لە نەگۆڕینی فواد حسێن.. هۆكاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە

چاوپێکەوتن

27/04/2020     ژمارەی بینراو 826

یوسف محەمەد

راچڵەكین-

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت:"بەدڵنیاییەوە یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئێستادا ئەوەیە كە لەپێشوتردا عەلاوی ڕازی نەبوو بەدانانەوەی د.فوئاد حسێن بەوەزیری دارایی وە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەنەبوون بیگۆڕن بۆیە فەرمانبەرانی هەرێم باجی ئەوەیان دا."

یوسف محەمەد، لەوتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەوەڵامی ئەو پرسیارەی لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی عیراقی بەردەوام نوێنەرە كوردەكان لەبەغداد باسیان لەوەدەكرد جارێكی تر بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕدرێت چونكە بەدەركراوە لە كێشە سیاسیەكان، دەڵێت" ڕاستە لەكاتی گفتوگۆكانی یاسای بودجەی ساڵی 2019 دا، وەكو فراكسیۆنە كوردستانیەكان وئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەمان باسكرد كە لە یاسای بودجەی 2019موچەی فەرامانبەرانی هەرێم بە بڕگەی ماددەی (ج) لەماددەی (10) ی یاساكە، بۆ یەكەمجار دەقێك لەیاسای بودجەی عێراق جێكرایەوە كە تیایدا هاتووە ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بەو بڕەی كە لە یاسای بودجەدا بۆی دانراوە، ئەوا بەو ڕێژەیەی كە زیان دەدات لە بودجەی عێراق لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، بەڵام موچەی فەرمانبەران لەمە جیاكرابوویەوە، پێشتر لە هەموو یاساكانی بودجەی ساڵەكانی تر بەتایبەتی لەسەرەتای ساڵی 2015 كە ڕێكەوتن لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا،كە هەرێم 300 هەزار نەوتی كێڵگەكانی كەركوك بدات بە ( سۆمۆ ) لەڕێگەی بۆرییەكانی خۆیەوە، سەرەڕای 250 هەزار بەرمیل نەوتی ناوخۆی هەرێم، وە لەبەرامبەر ئەوە حكومەتی عێراقی بودجەكەی بۆ بنێرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم ئەو بڕەی نەنارد، ئەوا حكومەتی عێراقی بەهیچ شێوەیەك پابەند نابێت بەناردنی بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان."

روونیشیكردەوە" لە یاسای بودجەی 2019 دا دوو گۆڕانكاری كرا، یەكەم ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو ، وە هەرێم بڕی ئەو 250 هەزار بەرمیلەی نەینێرێت بەوە هەرێم بێبەش دەبێت لە ناردنی بودجەی عێراق لەگەڵیدا بەدەر لەموچەی فەرامانبەرانی هەرێم ئەمە بۆ یاسای بودجەی 2019 بوو. ئەو كات وتمان پێویستە بەزوویی ڕێكەوتن بكرێت لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ یەكلا كردنەوەی مەلەفی نەوت و غاز بەڵام سێ مانگی ساڵی 2020 بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان وە ئێستاش لەبەرئەوەی عیراق یاسای بودجەی 2020 نیە، بەپێ ی ماددەی (13) ی ئیدارەی دارایی عێراق كە لەساڵی 2019 پەسەند كراوە، دەبوو حكومەتی عێراقی ئەو بڕە بودجەیەی كە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، بینێرێت بەڵام ڕاستیەكەی ئێستا كێشەكە سیاسی و ئابوری یە لەهەمان كاتدا، پەیوەندی بەدابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە، عێراق خۆی قەیرانی هەیە وە تابێت قەیرانەكانی زیاتر ئاڵۆز دەبێت."

د. یوسف ووتی: " دووەم عێراق بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی كە ئۆپێك كردوویەتی پێویست دەكات بڕی نەوتەكەی خۆی دابگرێت وە لەگەڵیشدا داوای لە هەرێم كردووە، هەرێمیش بڕی نەوتەكەی خۆی دابگرێت بەڵام هەرێم باسی ئەوەیان كردووە كە ناتوانن بەو بڕەی عێراق بەڵێنی داوە ، بڕەكەیان دابگرن واتە 23% ی كۆی هەناردە كردنی نەوتی پێویستە لە عێراق دایبگرێت. هەرێم لەوانە نیە بتوانن پابەند بێت،ئەمە سەرباری ئەوەی كە حكومەتێكی كاربەڕێكەر لە عێراقدا هەیە. "

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند" نەناردنی ئەو بڕە نەوتەی كە بڕیار بوو هەرێم بیدات لە ساڵی 2019 بەتەواوەتی و لەم چوار مانگەی 2020 دا، فشارێكی زۆری لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەی عێراق دروستكردووە تا ئەو ئاستەی كە بەشێك لە پەرلەمانتاران بڕۆنە سەر تەلەفزیۆن و بڵێن پێویست دەكات عادل عبدولمەهدی دادگای بكرێت و لەسێدارە بدرێت، ئەم فشارانە و دروست بوونی ناكۆكی لەنێوان بەشێكی زۆر لە كوتلە شیعەكانی عێراق و بەشێك لە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەمووی پاڵنەرن كە بەشە بودجەی هەرێم بڕاوە."

دەربارەی دەنگۆی ئەوەی دەوترێت ڕەنگە لایەنی كوردی هەبن لەپشت بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوان داوایان لە حكومەتی عیراقی كردبێت، د.یوسف محەمەد وتی" هیچ زانیاریەكی لەو شێوەیە لای ئێمە نیە. ڕاستیەكەی ئەوەیە كە فشارێكی زۆر لەسەر حكومەتی كاربەڕێكەی عێراق هەیە بۆ ئەوەی هەرێم ناچار بكات بە ئیلتیزامە نەوتیەكانی خۆی وە لەگەڵ هەندێ ناكۆكی سیاسی كوتلە شیعەكان و هەندێك لە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە. "

د.یوسف محەمەد باسی ئەوەشیكرد " باس لەوە دەكرێت یەكێك لە هۆكارەكان ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبوو بێت كە وتوێژەكانی دروستكردنی حكومەتەكەی محمد عەلاوی پەكخرا بەهۆی ئەوەی كە ئامادە نەبوو د.فوئاد حسێن بە وەزیر دابنێتەوە كە ئەمە سەدریەكانی زۆر نیگەران كردووە ، وە ئەمینداری گشتی حكومەتی عێراقیش سەدرییە، وە لە ئۆفیسەكەی ئەوەوە ئەم پرسانە جوڵێنراون و فشار لە عادل عبدولمەهدی كرابێت ئەمانەو كۆمەڵێك فشاری سیاسی تر ڕەنگە هۆكار بوو بێت."

د.یوسف محەمەد دەشڵێت" لایەكی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بەو ئیلتیزامانەی كە لە یاسای بودجەی 2019 خراوەتە سەر شانی كە دەبوو 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بدات بە سۆمۆ وە لەگەڵیشیدا داهاتی دەروازە سنورییەكانی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراقی، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم شەفاف نیین كە هەموو ئەمانە كاریگەری هەیە، ڕاستە ئێمە موچەمان بەدەر كرد لەمەسەلەی ئیلتزامە نەوتیەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەڵام ئێمە چەند جار ساڵی ڕابردوو داوامان لە حكومەتی هەرێم كرد كە ئەگەر بۆ پیشاندانی نیەت پاكیش بێت بڕێك بەشدار بێت لەناردنی نەوت لەڕێگەی (سۆمۆ) وە بۆ ئەوەی ئاماژەیەكی باش بێت كە هەرێم دەیەوێت ڕێكەوتنی كۆتایی لەبواری نەوت و غازدا ئەنجام بدات، بەڵام ئەمەی ئێستاش كە حكومەتی عێراقی كردوویەتی نایاساییە چونكە دەبوو پابەند بێت بە یاسای بودجەی ساڵی 2019 وە، هەروەك چۆن لەمانگەكانی یەك و دوو و سێ پابەندبووە و یەك لەسەر دوانزەی نەفەقاتی ناردووە."

سەبارەت بەوەی هەرێمی كوردستان دەتوانێت سكاڵا لەسەر حكومەتی عیراق تۆمار بكات وەك ئەوەی خۆت دەڵێیت حكومەتی عیراق پێشێلی یاسای كردووە؟

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عیراق وتی" كێشەكە لەوەیە كە ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی پەكی كەوتووە لەبەر نەبوونی ڕێژەی یاسایی دادگاكە و پەنا بردن بۆ دادگاش لە ئێستادا ئاسان نیە، ئەوەی كە پێویستە بكرێت ئەوەیە كە لەڕووی سیاسییەوە هەوڵەكان چڕ بكرێتەوە كە ئەو كێشانە لەگەڵ حكومەتی عێراقی یەكلا بكرێتەوە بەتایبەتی ئەگەر حكومەتەكەی كازمی چانسی سەركەوتنی هەبێت، گرنگە كە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكات و هەوڵ بدات لەدروستكردنی ئەم حكومەتە، ئەوەندەی لەخەمی ئەوەدابێت كە موچەو قوتی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكرێت، ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نەبێ كێ ئەبێت بە وەزیر و كێ نابێت بە وەزیر ."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كەواتە بەپێی قسەكانی تۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان باجی پێداگری كورد دەدەن لەدانانەوەی وەزیری دارایی ئێستای عیراق لەپۆستەكەیدا؟

د.یوسف محەمەد دەڵێت"بەدڵنیاییەوە یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئێستادا ئەوەیە كە لەپێشوتردا عەلاوی ڕازی نەبوو بەدانانەوەی د.فوئاد حسێن بەوەزیری دارایی وە سەركردایەتی كوردیش ئامادەنەبوون بیگۆڕن فەرمانبەرانی هەرێم باجی ئەو پێداگرییەیان دا، من دەمەوێت بۆ ئێوەو گوێگرانی بەڕێزی ڕادیۆكەتان ڕوون بكەمەوە دكتۆر محمد عەلاوی ئامادەبوو كە ئەو ڕێكەوتنەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەكۆتایی 2019 دا بۆ بودجەی 2020 كردبوویان جێ بەجێی بكات و بیخاتە یاسای بودجەوە كە ئەوە ڕێكەوتنێكی زۆر هاوسەنگ بوو ،بەداخەوە وەفدی هەرێم زۆر دواكەوت لەهاتن بۆ بەغدا و ئەنجامدانی ڕێكەوتن لەبواری نەوت و بودجە. ئەگەر ئەو ڕێكەوتنە بچوایە بواری جێ بەجێ كردنەوە ، كێشەكانی هەرێم چارەسەر دەبوو. حكومەتی هەرێمیش ئامادە بوو لەسەرەتای ساڵی 2020 وە 250 بەرمیل نەوت ڕۆژانە پێشكەش بكات.نەك هەر ئەوە محمد عەلاوی بەراِشكاوی بەوەفدی كوردی ڕاگەیاند،وە ئێمە خۆمان دانیشتین لەگەڵی وە پەرلەمانتارەكانی فراكسۆنی دەرەوەی پارتی و یەكێتی ، لەگەڵ ئێمەش هەر باسی كرد، لەو دانیشتنەی كە لەگەڵ وەفدی حیزبەكان باسی كردبوو ، ئەوەی باس كردبوو كە بڕینی موچەی خەڵك لای ئەو هێڵی سورەو بەهیچ شێوەیەك بیری لێ ناكاتەوە ، بەڵام بەداخەوە پێك هێنانی ئەو حكومەتە لەسەر پۆستی وەزیرێك پەكی خرا لە لایەن كوردەوە كە یەكێك لەئاسەوارە خراپەكانی ئەوەیە كە ئەمڕۆ دەیبینین ئەو فشارەیە كەلەسەر هەرێمی كوردستانە و بڕینی موچەی فەرمانبەرانێتی."

د.یوسف محەمەد دەشڵێت" ئەوەی كە بیستومە پارتی تا ئێستاش پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی كە دكتۆر فوئاد حسێن وەزیر بێت ، من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ شەخسی د.فوئاد نیە بەڵام ئەوەی كە دانانی وەزیرێك بكرێت بە مەرجی كورد بۆ پێكهێنانی حكومەت ، ئەمە بەلای منەوە كێشەیە. پێویست نیە ئێمە دانانی وەزیرێك بكەین بەمەرجی گفتوگۆكان ، بەڵكو پێویست دەكات ئەو بابەتانەی دەیكەینە مەرجی گفتوگۆكان ، پەیوەندیدار بێت بە موچەو قوتی خەڵك،یان ڕێكەوتن لەسەر مەلەفی نەوت و كێشەی ناوچە جێ ناكۆكەكان بێت كە ئێستا لە هەموو كات دۆخەكە لەو ناوچانە خراپترە لەڕووی سیاسەتی تەعریبەوە واتە پێویست بوو ئەمانە بكەین بەمەرجی گفتوگۆكانمان."

هەروەها وتی"ئەوە پەیوەندیدارە بەو دانوستانانەی كە دەكرێت بۆ دروستكردنی حكومەتی عێراقی ، وە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و ئێمە لە فراكسۆنە كوردستانیەكان پێویست دەكات لەگەڵ هەموو هێزە شیعەكان و كۆی هێزە سیاسیەكان سەبارەت بە یەكلا كردنەوەی حكومەتی عێراقی بكەوینە دانوستان سەبارەت بەیەكلا كردنەوەی مەلەفی پێك هێنانی حكومەتی عێراقی یان مانەوەی دكتور عادل عبدولمەهدی لەپۆستەكەی، وە بۆ قسە كردن لەسەر ئەو بارودۆخە ئابورییە سەختەی ڕووی لە عێراق كردووە بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان وە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتن لەبواری نەوت و غازی هەرێم و مەسەلەی بودجەی هەرێمی كوردستان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن