کاندیدەکانی ئێران بۆ پۆستی سەرۆککۆماری داهاتوو کێن؟

ڕاپۆرت

21/05/2024     ژمارەی بینراو 297

راچڵەکین-

دوای کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران دەستپێدەکات.

ئەمە چەندجارە کە سیستەمی سیاسی ئێران لە دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە 1979 بەرەوڕووی وەها دۆخێک دەبێتەوە، کە پێش کۆتایی هاتنی وادەی فەرمی خۆی، سەرۆکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دیاریبکرێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا هەڵبژاردنێکی ئەنجامدا کە رێژەیەکی کەم خەڵکی بەشدارییان تێداکردبوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی خەڵکی ئێران متمانەیان بە سندووقەکانی دەنگدان نییە.

هەروەها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بەرزبوونەوەی نرخ و هەڵاوسان ژیانی ڕۆژانەی بۆ ئێرانییەکان قورس کردووە.

لە روووی نێودەوڵەتیشەوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی بەرنامەی ناوەکییەوە و قوڵبوونەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیشی لەگەڵ ڕووسیا لە کاتی شەڕی ئۆکرانیا، ڕووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتی دەبنەوە.

لەرووی سەربازیشەوە شەڕی غەززە گرژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیلی زیاتر کرد، بەجۆرێک گەشتە ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەکەمجار راستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئیسرائیل.

لە ئێستادا محەممەد موخبر، جێگری ئیبراهیمی رەئیسی، لەلایەن عەلی خامنەییەوە ئەرکی سەرۆککۆماری پێسپێردراوە، ئەمەش بەپێی مادەی 131ی دەستووری وڵاتەکە، تاوەکو ئەوەی ئەنجوومەنێک پێکدێت و لە ماوەیەک کە لە 50 رۆژ زیاتر نەخایەنێت، دەبێت هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ بەڕێوەبچێت.

محەمەد ساڵح جۆکار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ساڵێک ماوە بۆ خولی کابینەی 13ی حکومەت، ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە ئایا ئەو سەرۆکەی کە هەڵدەبژێردرێت بۆ ساڵێک دەبێت یاخود بۆ چوار ساڵ."

ناوبراو لە وەڵامدا وتوویەتی: لەو چوارچێوەیەدا دەستوور بێدەنگ نییە و بەپێی دەستوور سەرۆک بۆ خولی چوار ساڵە هەڵدەبژێردرێت.

پرسی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی لە ئێران پرسێکی بنەڕەتییە چونکە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو نیشانی دا کە خەڵک لە بارودۆخی ئێستادا ئارەزووی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر نییە.

کێ ئەگەری هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران کاندید بکات؟

مردنی رەئیسی دەرفەتێک بۆ "ئوسوڵگەراکان" و "میانڕەوەکان" لە ئێراندا دەڕەخسێنێت تا کاندیدەکانیان بناسێنن.

لە نێو ئەندامانی حکومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا ئەگەری کاندیدکردنی محەمەد موخبەر زۆرترینە، چونکە 50 ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی خۆی وەک کەسی دووەمی وڵات نیشان بدات.

موخبەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە کارکردن لە بونیادی "کەمدەرامەتانی شۆڕشی ئیسلامی" لە بازنەی دامودەزگاکانی سەر بە نووسینگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گەشەی کرد و متمانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەیە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئێرانیش، ئەگەری هەیە یەکێکی دیکە لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بێت.

پێشتر چەند جارێک هەوڵی دابوو بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بگاتە ئەم پۆستە، بەڵام هەرجارە بە هەندێک هۆکار شکستی هێنا.

لەناو پەرلەماندا قالیباف ڕووبەڕووی نەیارانی فراکسیۆنی "ئوسوڵگەراکان" دەبێتەوە، ڕەنگە ئاشکراکردنی "گەندەڵی" زیاتر لە دژی هەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆکاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بکات.

لە نێو میانڕەوەکاندا، حەسەن ڕوحانی و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی وەزارەتی دەرەوە دەکرێت ئەگەری کاندیدبوونیان هەبێت.

بەڵام لەم دواییانەدا "ئەنجومەنی پارێزەران" شایستەیی حەسەن ڕۆحانی لە هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایان ڕەتکردەوە و ڕۆحانی لە نامەیەکدا بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی لەسەر ئەم بابەتە.

 

ئەنجوومەنی پارێزەران یەکێکە لە دوو پایەی دەسەڵاتی یاسادانانی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم ئەنجوومەنە بەرپرسیارە لە لێکدانەوەی دەستووری ئێران، چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکان، و پەسەندکردنی کاندیدەکان بۆ ئەنجومەنی شارەزایان، سەرۆکایەتی کۆمار، و پەرلەمانی ئێران.

پێش ڕۆحانی، "ئەنجومەنی پارێزەران" لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆماریدا، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئیسلامی ڕەتکردبووەوە.

وەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، چاوەڕوان دەکرێت موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانیش ناوی لە لیستی کاندیدەکاندا بێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن