کۆمسیۆن دابەشكردنی کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکات

کوردستان

04/06/2024     ژمارەی بینراو 407

راچڵەکین-

ئەمڕۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەفەرمی بڕیارەکەی دەستەی دادوەری لە بارەی گەڕانەوەی پێنج کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتاکان و دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکدا پەسەندکرد.

پێشتر لە 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یازدە کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش لە 111 کورسییەوە ژمارەی کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو بە 100 کورسی.

پاش ئەوە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەو 100 کورسییە پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان کرد.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران، دابەشکردنی کورسییەکان بەم شێوەیە:پارێزگای هەولێر کە 34 کورسی بەرکەوتووە، دەبێتە 32 کورسی، لەو ژمارەیەش کورسییەک بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ تورکمانەکان تەرخاندەکرێت.

لە پارێزگای سلێمان کە 38 کورسی بەرکەوتووە، دەبێتە 36 کورسی و کورسییەک بۆ مەسیحییەکان و کورسییەکیش بۆ تورکمانەکان تەرخاندەکرێت.

لە پارێزگای دهۆکیش کە 25 کورسی بەرکەوتووە، دەبێتە 24 کورسی و کورسییەک بۆ مەسیحییەکان تەرخاندەکرێت.

هەر بەپێی بڕیارەکە، پارێزگای هەڵەبجە سێ کورسی هەیە و ئەم ژمارەیەش وەک خۆی دەمێنێتەوە، هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان لە پارێزگاکە دیاریی نەکراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن