حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1962

راچڵەكین -

حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێك لەبارەی هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێم كە لە وڵاتانی تر گیریانخواردووە، بڵاودەكاتەوە و داوایان لێدەكات سەردانی نزیكترین نوسینگەی نێردە دیبلۆماسییەكانی توركیا بكەن لەو وڵاتانەی كە تێدا گیریان خواردووە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی سێ ڕۆژیان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی توركیا، دواتر بە ڕێگەی ووشكانی بۆ هەرێمی كوردستان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچوونی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی كە گەشتەكانیان بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەكان ڕاگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاونیشتیمانیانەی كە پەیوەندیتان بە هێلە گەرمەكانەوە كردووە یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتان پڕكردووەتەوە و ئەوانەش لەهەرشوێنێكی تری جیهان گیرتانخواردووە، تكایە بفەرموون بەئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی توركیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

1. سەردانی نزیكترین نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەكانی توركیا (كۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی توركیا) بكەن لەو وڵاتانەی كە تێدا گیرتان خواردووە، ڕاستەوخۆ بەڕێزتان ڤیزای ترانزێتی (٣) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی توركیا، دواتر بە ڕێگەی ووشكانی بۆ هەرێمی كوردستان.

2. پێویستە ئەو تكێتەی كە پێی دەگەڕێتەوە وڵاتی توركیا لە ڕێگەی یەكێك لە هێڵە ئاسمانییە توركیەكان ببڕدرێت و جیاوازی ناكات بۆ هەر فڕۆكەخانەیەكی وڵاتی توركیا بێت.

3. هاونیشتیمانی ئازیز تكایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:

• دڵنیا ببەوە لەوەی كە تكێتەكەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ كۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونكە مەرجە تكێتەكەت لە هێڵێكی توركی بێت تاوەكو سوود لەو كارئاسانییە وەربگری.

• دڵنیاببەوە لەوەی كە (٧٢) كاتژمێرەكەت دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونكە ڤیزەكە تەنها بۆ (٧٢) كاتژمێرە.

• پێویستە ئەو كەسانەی كە داواكاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی توركیا دەكەن، ناویان لە لیستی قەدەغەكراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێكی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.

• ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەكەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیكا یاخود هەر پاسپۆرتێكی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەكەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیبلۆماسییەكان، تاوەكو سوودمەند بیت لەو كارئاسانییە.

بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو كارئاسانییە كاتیە و تەنها تاوەكو كردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.

 تكایە لە بوونی هەر كێشەیەك هەمان هێڵە گەرمەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەكاربهێنە و لە كاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خلیل، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی تیمەكانی پێشوازییەوە لە پێشوازی بەڕێزتانەوە و ئاسانكاری تەواویان كردووە و لە چاوەڕوانیتاندان. ئەو هاوڵاتیانەش كە لەو ناوچانەن كە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی توركیا كێشەكانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە و تاوەكو هەر هاونیشتیمانیەك مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن