راچڵەكین-
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، لەماوەیەكی كورتدان بۆری نەوتی كەركوك- توركیا نۆژەندەكەنەوەو لەڕێی نەوت هەناردەی دەرەوە دەكەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بەبۆری نەوتی كوردستان بێـت.
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لەتۆمارێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، كارەكانی پشكنین و نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك- توركیا دەستیانپێكردووەو چاوەرێ دەكرێت لەماوەی هەفتەیەكدا كارەكان تەواو بكرێن و دواتر دەستبكەن بەهەناردەی نەوتی عیراق لەرێی ئەو بۆرییەوە بۆ توركیا.
بەووتەی وەزیری نەوتی عیراق، بەدەستپێكردنی هەناردەی نەوت لەڕێی بۆری نەوتی كەركوك- توركیا، پێویستیان بەبۆری نەوتی كوردستان نابێت و بەبێ ئەو بۆریە دەتوانن نەوت هەناردەی توركیا بكەن.
حەییان عەبدولغەنی، ڕوونیكردووەتەوە، لەئێستادا تەنها 100 كیلۆمەتری بۆرییەكە ماوە پشكینینی بۆ بكرێت و ئامادە بێت بۆ هەناركردنی نەوت كە توانای رۆژانەی لەنێوان 200-250 هەزار بەرمیلە.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی یەكشەممە 15ی ئادار، وەزارەتی نەوتی عیراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان رێگەنادات لەڕێی بۆری نەوتی كوردستانەوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند مەرجێكیان داناوە كە پەیوەندییان بە هەناردەی نەوتەوە نییە.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی نەوتی عیراق جارێكی تر داوای لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، دەستبەجێ رێگە بەهەناردەی نەوت بدات، لەبەرئەوەی هەر دواكەوتنێك لەهەناردەكردنەوەی نەوت، عیراق لەهەندێك سەرچاوەی دارایی بێبەش دەكات كە دەكرێت وەك قەرەبووی هەناردەكردنی شمەك لەدەروازە سنورییەكان سوودی لێوەربگیرێت.
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، لەتوانایدایە رۆژانە نزیكەی 300 هەزار بەرمیل لەڕێی بۆری نەوتی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان بكات، لەگەڵ ئەو 200 هەزار بەرمیل نەوتەی كوردستانیش كە هەناردە دەكرێـت، بڕەكە دەگاتە نزیكەی 500 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا.