راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رابەری باڵای نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت: لەم ئەرك و بەرپرسیارەتییە نوێیەدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەو پەیامەدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاڕاستەی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە، تێیدا هاتووە، "بەبۆنەی هەڵبژاردنتانەوە وەك رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی جەنابتان و گەلی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەین، لەم ئەرك و بەرپرسیارەتییە نوێیەدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین".
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا جەختی لەوەكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەیەتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەل و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە تەواوی ناوچەكەدا.