راچڵەکین-
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو شەڕەتەقەی کە دوێنێ لە هەولێر ڕوویدا و سێ کەس بەهۆیەوە کوژران، رایگەیاند کە چەند کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراون و کێشەکەش بۆ دە ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کێشەکە لە نێوان دوو کەسدا لەسەر زەوی و زار دروستبووە. وتیشی. چەند کەسێک لەسەر شەڕەکە کە لە نزیک گەڕەکی "هەولێری نوێ" دروستبوو، دەستگیرکراون.
پارێزگار هۆکاری ناکۆکییەکەی بەم شێوەیە باسکرد:" زەویەکە بە وەبەرهێنەرێک دراوە بەڵام پڕۆژەکە جێبەجێ نەبووە و دواتر زەوییەکەی لێ وەرگیراوەتەوە و دراوە بە وەبەرهێنەرێکی دیکە."
ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ ساڵ پێش ئێستا و :"چەندین جار لە دادگا هەردوولا دانیشتنیان ئەنجام داوە بەڵام نەگەیشتوونەتە چارەسەر."
رۆژی رابردوو چەند ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر شەڕەتەقەی دوو لایەنەکە بڵاوکرایەوە، بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و دوو کەسیش بریندارن.