نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی سوپای ئیسرائیل و حە.ما.سی خستە لیستی ڕەشەوە

جیهان

12/06/2024     ژمارەی بینراو 288

راچڵەکین-

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە، ناوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی ئیسرائیل، گروپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی، لەگەڵ لایەنە شەڕکەرەکانی سودانی، بە تۆمەتی کوشتن و کەمئەندامکردنی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٣، خستە لیستی جیهانی ساڵانەی تاوانبارانی پێشێلکردنی مافی منداڵان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز کە کۆپییەکی ڕاپۆرتەکەی گۆتێرێزی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشتووە، ڕایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل و سودان بەهۆی هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، بۆ ئەم لیستە زیادکراون، هەروەها گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامیش بەهۆی ڕفاندنی منداڵانەوە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان، کە لە بەهاری ساڵی ڕابردووەوە شەڕ لەگەڵ سوپای سودان دەکەن، لە لیستی ساڵانەی جیهانیی تاوانباراندا هاتووە، کە بەهۆی دامەزراندنی منداڵان و بەکارهێنانی منداڵان و ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی سێکسی دیکە، مافی منداڵان پێشێل دەکەن، لەگەڵ هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتەکە لەلایەن ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری گۆتیرێس بۆ "منداڵان و شەڕی چەکداری" ئامادەکراوە و شەش حاڵەتی پێشێلکردنی توندی مافەکانی منداڵانی لەخۆگرتووە؛ کوشتن و کەمئەندامی، توندوتیژی سێکسی، ڕفاندن، دامەزراندنی کارمەند و بەکارهێنانی، بێبەشکردن لە پێگەیاندنی کۆمەک و هاوکاری و هێرش بۆ سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لە ساڵی 2023 توندوتیژی دژی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا گەیشتە ئاستێکی نوێ، پێشێلکارییەکان بە ڕێژەی 21% زیادی کردووە و ژمارەی کوشتن و بڕینی جەستەی منداڵان بە ڕێژەی 35% زیادی کردووە".

بەپێی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، زۆرترین ڕێژەی پێشێلکاریی جددی لە ئیسرائیل و ناوچەکانی فەلەستین، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، میانمار، سۆماڵ، نەیجیریا و سودان ڕوویداوە.

هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا و گروپە وابەستەکانی، کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کوشتن و پەکخستنی منداڵانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا بۆ ئەم لیستە زیادکرابوون، ئەمساڵیش لەم لیستەدا ماونەتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە توندی ڕەخنەی لەم بڕیارە گرت و وتی: بەم کارە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی خستۆتە لیستی ڕەشەوە.

ناتانیاهۆ بۆ بەرگریکردن لە هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل وتی، "سوپای ئیسرائیل بەڕەوشتترین سوپای جیهانە" و ڕایگەیاند، "بڕیاری گاڵتەجاڕانە و چەوتانەی نەتەوە یەکگرتووەکان" نابێتە هۆی پشێوی لە دۆخی سوپای ئیسرائیلدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 منداڵی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ڤێرجینیا گامبا ئامادەی کردووە و ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، پێنج هەزار و ٦٩٨ حاڵەتی پێشێلکاری بۆ هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی ئیسرائیل، ١١٦ حاڵەت بۆ حەماس و ٢١ حاڵەت بۆ جیهادی ئیسلامی فەلەستین ڕاگەیەندراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن