راچڵەکین-
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم وادەی گەڕانەوەی کاروانی حاجییانی کوردستانی بەڕێگەی وشکانی و ئاسمانی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەڕێگەی وشکانی لە رۆژی 22\6\2024 لە شاری مەککەی پیرۆزەوە بەڕێدەکەون.
ئاماژە بەوەشکراوە، یەکەم کاروانی بەڕێگەی ئاسمانیش، لە رۆژی 24\6\2024، لە ڕێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایدەگەیەنێت کە دواین کاروانی حاجیانی کوردستان لە رۆژی 30\6\2024، لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان و کۆتایی بە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دێت.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا لە کەسوکاری حاجیان دەکات" بە هیچ شێوەیەک سەردانی فرۆکەخانەکان نەکەن بە مەبەستی پێشوازیکردن لە حاجیان چونکە پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەیان ئامادەکراوە و بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە فرۆکەخانەکان دروست نەبێت و هاوکاری دەزگاکان پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکوو حاجیان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ناو کەسوکارەکانیان."
جێی ئاماژەیە، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 4,685 هاوڵاتی بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە، کە 1,460 کەسیان بە رێگەی وشکانی رۆیشتوون.