راچڵەکین-
لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون. وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت و مادەکان زیاتر بۆ دەرەوە دەبرێن.
عەقید سەلام عەبدولخاڵق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە:"لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 572 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، بەڵام کۆی دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا دەگاتە سەرووی هەزار کەس."
دەشڵێت،"زۆربەی ئەو ماددانەی دەهێنرێنە هەرێم بۆ دەرەوەی عێراق دەبرێن و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێت."
عەقید سەلام عەبدولخالق باسی لەوە کردووە "چەندینجار لەکاتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ڕووبەڕوو بوونەوە ڕوویداوە، هەندێکجار لە هێزەکانی ئێمەش بریندار هەبووە، چونکە دەست بەسەرداگرتنی ئەو هەموو بڕە لە ماددەی هۆشبەر ئاسان نییەو شەونخوونی ویستووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە"هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق هەیەو ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لە نێوانماندا هەیە."