ڕاگەیەندراوێک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە

کوردستان

09/07/2024     ژمارەی بینراو 257

راچڵەکین-

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی خۆ تۆمارکردنی بۆ کاندیدان و حیزب و هاوپەیمانییەکان درێژکردەوە. هاوکات دەشڵێت سبەینێ کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا پەنجەمۆرەکانیان نەیخوێندبووەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کە بۆ ئەو هاوپەیمانی، حزب، پاڵێوراوانی تاکەکەس و پاڵێوراوانی پێکهاتەکان کە ئارەزوومەندن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2024ی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، خۆتۆمارکردن تا ڕۆژی دووشەممە 15ی تەممووزی 2024 بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر خۆ تۆمارکردن لە ٤ی تەمووز کۆتایی هاتبوو، بەڵام جارێکی دیکە ئەو وادەیە درێژکرایەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتی و حزب و پاڵێوراوان بتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە، سبەینێ چوارشەممە کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا پەنجەمۆرەکانیان نەیخوێندبووەوە.

دەشڵێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 1 ی ئەم مانگەوە دەستمانکردەوە بە وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا پەنجەمۆرەکانیان نەیخوێندبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی دەوامی رۆژی 10 ی تەمموز کۆتایی بە پرۆسەکە دێت و ئەو کەسانەی تا ئەو کاتە پەنجەمۆرەکانیان وەرنەگیراوەتەوە ئەو مافەیان نامێنێت.

بڕیارە لە 20 ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن