ئەمریکا: ئێران بەنزین بەئاگری خۆپیشاندانی ئەمریکییەکان دەکات

جیهان

10/07/2024     ژمارەی بینراو 215

راچڵەکین-

ئۆرێل هاینز، بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی نیشتمانیی ئەمەریکا دەڵێت: ئێران بە نهێنی لە هەوڵی ئەوەدایە لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، ئاگری ناڕەزایەتییەکان دژی شەڕی غەززە لەم وڵاتەدا زیاتر گڕ پێبدات و متمانەی گشتی بە دامەزراوە دێموکراتییەکان کەم بکاتەوە.

بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی نیشتمانیی ئەمەریکا  دەڵێت، متمانەم بەنیازپاکی خۆپیشاندەران هەیە بەرامبەر هەڵوێستیان لەسەر جەنگی غەززە، بەڵام حکومەتی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە هەندێک حاڵەتدا هەوڵی پشتیوانی دارایی بۆ خۆپیشاندەران دەدات. دەشڵێت: "ئەو ئەمریکییانە، پێدەچێت بێ ئاگا بن لەوەی لەلایەن وڵاتی بیانییەوە هەوڵی پشتیوانی و دەستوەردان لە ناڕەزایەتییەکانیان دەدرێت."

لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، خۆپیشاندان لە زانکۆکانی ئەمریکا دژ بەو شەڕە دەستیپێکرد و داوای ڕاگرتنی دەکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر تەشەنەی سەند. لەم ناڕەزایەتیانەدا.

خۆپیشاندەران داوایان لە زانکۆکان کردووە، خۆیان بەوور بگرن لە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریکردن لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک یان پیشەسازییەکانی دیکە کە پاڵپشتی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، بۆئەوەی ڕێگری لە شەڕی غەززە بکەن کە پێی دەڵێن "جینۆسایدی غەززە".

پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە هەوڵی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسی 2022 دەدات. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، "ئێران هەوڵی داوە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان بقۆزێتەوە و متمانەی گشتی بە دامودەزگا دیموکراتیکەکان لە ئەمریکا تێکبدات."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن