هەرێم لەبارەی مووچەی پێشمەرگەو ئاسایش داوایەك ئاڕاستەی بەغدا دەكات

کوردستان

10/07/2024     ژمارەی بینراو 270

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات هەرچی زووە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراووێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان كە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

لە كۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریكاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور كرایەوە. 

ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن كە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەركارەكان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەكی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێككەوتن لە سەر داڕشتنی میكانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەكان تاوەكوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەكان هەموار دەكرێتەوە.

پاشان لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد كە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەكردووە سەرەڕای ئەوەی كە لیستی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشكەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ كراوە. لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێكی وردی خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ كرا و جەخت لە بەردەوامی ئاسانكاریی وەزارەتەكان بۆ پرۆسەی وردبینی كرایەوە، هەروەها گفتوگۆ  لەبارەی كارەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكان و ڕێكارەكانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ  كرا بە ڕەچاوكردنی دەسەڵاتە دەستووریەكان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دارایی. 

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەكانی هەرێم پابەندییەكانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەركی حكومەتی فیدڕاڵیشە كە شایستەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات هاوتای ناوچەكانی دیكەی عێراق و چیتر خەرجكردنی مووچە دوانەكەوێت.

ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات هەرچی زووە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بكات . هەروەها داوا دەكات شایستەكانی دیكەی هەرێم لە تەرخانكراوەكانی تەشغیلیی و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بكات كە لە خشتە پەسەندكراوەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانكراوە كەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ هەرێم خەرج نەكردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی كوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی بە كاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەكان ،بە شێوەیەكی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن