راچڵەکین-
وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی بۆ کەمکردنەوەی
مەترسییەکانی قەڵەوی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە: کێشی زیادە و قەڵەوی
بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکان زیاد
دەکات، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرە و چەند جۆرێکی شێرپەنجە، ئەم مەترسییە لەگەڵ بەرزبوونەوەی
پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) زیاد دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد:
خۆشبەختانە زۆرێک لە هۆکارەکانی کێشی زیادە و قەڵەوی دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.
زۆرجار هۆکاری بنەڕەتی ناهاوسەنگییە لە نێوان وەرگرتنی کالۆری و بەکارهێنانی
کالۆری، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆراکە چڕ و چەورییە زۆرەکان و شەکردارەکان و
کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی بەهۆی شێوازی ژیانی مۆدێرنەوە.
باسی لەوەشکرد: بۆ
کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەڵەوی پێویستە وەرگرتنی کالۆری لە چەوری و شەکرەکان
کەمبکرێتەوە و پرۆتین و میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو و چەرەزاتەکان لە خۆراکدا
زیادبکرێن. هەروەها پێویستە چالاکیی جەستەیی بەردەوام 60 خولەک لە رۆژێکدا بۆ
منداڵان و 150 خولەک لە هەفتەیەکدا بۆ گەورەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها بۆ کۆرپە،
شیرپێدانی سرووشتی بۆ ماوەی شەش مانگی یەکەم مەترسی قەڵەوی لە داهاتوودا
کەمدەکاتەوە.