سلێمانی؛ لوقمەقازی خواستی رۆژووانان بۆ كردنەوەی بەربانگ

ڕاپۆرت

30/04/2020     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین-

شیرینیەكانی لوقمەقازی، زلوبیا و بامێ (داتڵی) یەكێكن لەو شیرینیانەی كە رۆژووانان لە شاری سلێمانی هەر لە زەمانی كۆنەوە حەزیان كردووە بەربانگی پێ بكەنەوە.

زۆرێك لە دووكانەكانی شاری سلێمانی خۆیان ئامادە دەكەن بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە شیرینی و خواردنانەی كە رۆژووانان بەربانگی پێ دەكەنەوە. ئەویش بەهۆی ئەوەی كە خواستێكی زۆر لەسەر ئەو جۆرە شیرینیانە دروست دەبێت بەتایبەت لە جۆرەكانی لقومەقازی، زلوبیا و بامێ (داتڵی).



لەمساڵدا بەهۆی رێنماییە تەندروستییەكانی تایبەت بە رێكارەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، زۆرێك لە دووكانەكان تەنها بە رۆژ كراوە دەبن و ژمارەیەكی كەمتر كڕیار بەرێ دەكەن بەهۆی رێگەنەدان بە دروستبوونی قەرەباڵغی، لەكاتێكدا لە ساڵانی رابردوودا ریزێكی زۆر و درێژ دەگیرا بۆ كرینی ئەو جۆرە شیرینیانە.

لەئێستادا چەند دووكانێكی كەم تایبەت بە دروستكردنی ئەو جۆرە شیرینیانە كراونەتەوە، بەهۆی رێكارە تەندروستییەكانەوە، وەستا بەكر محەمەد یەكێكە لە خاوەنی ئەو شیرینیخانانەی كە بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، بەردەوام سەرقاڵی دروستكردنی جۆرەكانی شیرینین كە لەو مانگە پیرۆزەدا رەواجێكی زۆری لەسەرە.



بەكر محەمەد شەریف،كە خاوەنی یەكێك لە دووكانەكانی دروستكردنی شیرینییە لەشاری سلێمانی دەڵێت،ئەوان رۆژانە لە كاتكۆ 14:00ی پاشنیوەڕۆ دەست دەكەن بە دروستكردنی شیرینیەكان و تا دەمەو عەسر لە كاتكۆ16:00 دا بەرهەمەكانی ئەو رۆژە لە شیرینیەكان دەفرۆشن.
 

وەستا بەکر

ئەو باس لەوە دەكات كە ئێستا شەش كرێكار لە شرینیخانەكەیدا كار دەكەن بۆ ئەوەی رێژەیەكی پێویست لە شیرینیەكان دروست بكەن، بەڵام هێشتا فریا ناكەون چونكە ئەمساڵ بەهۆی رێكارەكانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زۆرێك لە دووكان و شیرینیخانەكان داخراون، ئەمەش وای كردووە فشارێكی زۆریان لەسەر بێت لە خواستی كڕینی شیرینیەكان.

بەكر محەمەد شەریف دەڵێت "ئێمە هەموو جۆرە شیرینیەك دروست دەكەین، بەڵام ئەوەی لە رەمەزاناندا زیاتر خواستی لەسەرە بریتین لە لوقمەقازی، زلوبیا و داتڵی كە خێراتر دەفرۆشرێت و بە نرخێكی كەمتر و گونجاو دەستیان دەكەوێت".

وەستا بەكر محەمەد باس لەوە دەكات كە بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم شیرینیخانەكەیاندا كە یەكێكە لە رێنماییە تەندروستییەكانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، ژمارەی مۆبایل لە كڕیارەكان وەردەگرن و لەكاتی ئامادەبوونی ئەو بڕ و جۆرەی شیرینی كە داوایان كردووە، تەلەفۆنیان بۆ دەكەن و دێن دەیبە و لەوبارەیەوە گوتی: "خواستێكی زۆر هەیە لەسەر ئەو جۆرە شیرینییانە، رۆژانە ناچارین زیاتر لە 300 كریاڕ بگەڕێینینەوە بەدەستی بەتاڵ چونكە فریاناكەوین، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا خواستێكی زۆر هەیە لەسەر ئەو جۆرە شیرینیانە و زۆرێك لە دووكانەكانی تایبەت بە شیرینیخانەكان داخراون بەهۆی رێكارەكانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ".

وەستا بەكر محەمەد باس لەوە دەكات كە لە شیرینیخانەكەیدا شەش كەس كار دەكەن و سێ لەوانە تایبەتن بە بەڕێكردنی كڕیاران تاكو قەرەباڵغی دروست نەبێت لە كاتی ریزگرتن بۆ وەرگرتنی شیرنینەكان.

بەكر محەمەد كە ماوەی 35 ساڵە سەرقاڵی ئەم كارەیە و لە باوكییەوە پیشەكەی بۆ ماوەتەوە باس لەوە دەكات كە رۆژانە زیاتر لە هەزار كڕیار روویان تێدەكەن بۆ كڕینی لوقمەقازی و زلوبیا، بەڵام هاوكات 300ی تریش بەڕێ دەكەن بەبێ ئەوەی هیچیان دەست بكەوێت و دەڵێت، "كیلۆی بە دوو هەزار دینارە، بۆیە خواستی زۆرە، شیرینیخانەیەكی كەمیش كراوەتەوە ئەم رەمەزانە، بۆیە فشارێكی زۆرمان لەسەرە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن