راچڵەکین-
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بڵاویکردەوە: بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای
مەکتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ کاندیدەکانی یەکێتی لەسنووری پارێزگای هەولێر
کۆبووەوە.
دەقی
راگەیەندراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی:
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و رێواز فایەق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر لە راپۆرتێکدا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن خستەڕوو و دووپاتیکردەوە، هەولێر لەسەر رێڕەوی گۆڕانکارییە و پێکەوە لەگەڵ هەولێرییە سەربەرز و خۆشەویستەکان داهاتووییەکی گەشتر بونیاد دەنێین و هەولێر بۆ خەڵکەکەی وەردەگرینەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردن و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانیدا رایگەیاند، بە یەکدەنگی و یەکگرتووییەوە هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەنێین، بە سیاسەت و ستراتیژێکی نیشتمانییەوە کار بۆ خزمەتکردنی خاک و خەڵکەکەمان دەکەین و دەمانەوێت حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزار و دادپەروەر بێت و پارێزەری ژیانی هاوڵاتییان بێت نەک ژیان و گوزەرانیان بخاتە مەترسییەوە و ماف و مووچەکانیان تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان بکات.
سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا هەر بەڵێنێکمان دابێت، بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکەکەمان بەجێمانگەیاندووە، ئێستاش بە هەمان رۆحییەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمانەوە بەرامبەر کوردستان و ژیانی خەڵکەکەی، بەرەو گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەنگاودەنێین و دڵنیاشین ئەو خەڵکە خۆڕاگرەی ساڵانێکە گیرۆدەی جیاکاری و نادادپەروەرییە، چیتر رێگە نادەن ئازادییەکانیان سنووردار بکرێت و مافەکانیان پێشێل بکرێت، بەڵکو دەسەڵاتێک هەڵدەبژێرن کە لە ئازار و خەمەکانیانەوە هەڵقوڵابێت و بەرگریکاری راستەقینەی ژیان و گوزەرانیان بێت.