ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی موچەی مانگی 8 داوایەك ئاڕاستەی بەغدا دەكات

کوردستان

11/09/2024     ژمارەی بینراو 369

راچڵەكین - 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەكرێت، داواش لە حكومەتی فیدڕاڵ دەكات تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت كە خەرجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9 هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتوو، لە كۆبوونەوەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاوتوێكردنی ڕێكار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیار وڕاسپاردەكانی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەكانی حكومەتی هەرێم بەجۆرێك هیچ بیانوو و بەهانەیەك بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. 

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەكە و بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد سەبارەت بە  بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە بێبەش كرابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفیی).

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوكردنی ڕێكارەكانی هێنانەكایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەكراون و ڕەچاوكردنی تێبینی و سەرنجەكانی دیكە بە جۆرێك لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بكرێت و لەبەرامبەردا حكومەتی فیدڕاڵ تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت كە خەرجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9 هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

دواتر هەریەك لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازیی، كار وكاروباری كۆمەڵایەتی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ناوخۆ، سامانەسروشتیەكان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو كە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حكومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر كردووە و لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی لە میانەی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدڕاڵ وهەرێم لەبارەی هەندێك پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری كشتوكاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەكردن، مۆڵەتی كارگەكان ، تۆماركردنی كۆمپانیاكان، پۆلێنكردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەكان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و كەرتی بانكی. 

ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەت و كەرتە پەیوەندیدارەكان لە هەردوو حكومەت بۆ تەواوكردنی ئەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەش كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: هیوادارین ئەو كەشە ئەرێنیی و لەیەكتێگەیشتنەی لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆی تێدا كرا ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتی گشت كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردوولا .

دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە كۆبوونەوە و دانیشتنەكان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی كە ماون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن