ناتانیاهۆ داوای رێککەوتن لەگەڵ سعودییە دەکات و مەرجی کۆتاییهاتنی جەنگی غەززەش ئاشکرا دەکات

جیهان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 481

راچڵەکین-

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، پێویستە لەگەڵ سعودییە رێککەوتنێکی مێژووی بکەین. لەبارەی جەنگی غەززە-ش وتی، ئەگەر حەماس خۆی بەدەستەوە بدات و بارمتەکان ئازادبکات، ئێمەش کۆتایی بەجەنگەکە دەهێنین.

ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە ئەنجام بگات، دەبێت رێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی لەگەڵ سعودیە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دەتوانێت سوودێکی زۆر بۆ ناوچەکە بهێنێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ناوەندێکی زلهێزی جیهانی، بەڵام ئێران رێگری لەو جۆرە ئاشتییە دەکات.

بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی جەنگی غەززە رایگەیاند: ئەگەر حەماس خۆبەدەستەوە بدات و هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، ئەوا دەکرێت هەر ئێستا شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت. بەڵام ئەگەر نەیکات، ئێمە شەڕ دەکەین تا سەرکەوتنی تەواو بەدەست دەهێنین.

وتیشی:" هەروەها پێویستە ئیسرائیل لە لوبنان شکست بە حیزبوڵڵا بهێنێت، حیزبوڵڵا جەوهەری رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهانە".

ناتانیاهۆ راشیگەیاند:" ئەگەر حەماس لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا خۆی رێکدەخاتەوە و هێرش دەکاتەوە سەر ئیسرائیل، بۆیە بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسییە دەبێت حەماس لەناوبدەین".

بانگەشەی ئەوەشی کرد، کە سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 40 هەزار ئەندامی حەماس-یان کوشتووە یان گرتووە و لەسەدا 90ی مووشەکەکانی ئەو گرووپە فەڵەستینییەیان لەناوبردووە.

لەبارەی ئێرانیشەوە، ناتانیاهۆ هەڕەشەی ئەوەی کرد، هیچ شوێنێک لە ئێراندا نییە کە وڵاتەکەی نەتوانێت دەستی پێنەگات. وتیشی:" ئەگەر لێمان بدەن، ئێمەش لێتان دەدەینەوە".

جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆییانەی بڵاوبووەتەوە، لە کاتی وتارەکەیدا بەشێک لە نوێنەرانی وڵاتان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ناتانیاهۆ و  هەڵوێستەکانی، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە.

 

هەروەها، لەکاتی وتارەکەیدا، ناتانیاهۆ نەخشیەکی بەرزکردەوە و تیایدا عێراق، ئێران و سووریای بە وڵاتانی "نەفرەتلێکراو" بەرەنگی رەش دیاریکردووە.





داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن