عیراق فڕۆكەخانەكانی دادەخات و گەشتە ئاسمانییەكانیش رادەگرێت

عێراق

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 139

راچڵەكین -

بەهۆی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، حكومەتی عیراق سەرجەم فڕۆكەخانەكانی داخست و گەشتە ئاسمانییەكانیشی راگرت.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەبڕیاری وەزیری گواستنەوە، جموجۆڵی ئاسمانی بۆماوەیەكی كاتی لەسەرجەم فڕۆكەخانەكانی عیراق بە تەواوەتی راگیران و گەشتە ئاسمانییەكانیش هەڵوەشێندرانەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، كۆمپانیای گشتی فڕۆكەوانیی عیراق، دەستیكردووە بە چۆڵكردنی كایەی ئاسمانیی وڵات لەهەموو جۆرە فڕۆكەیەك و رێگەش بەو فڕۆكانانە نادرێت كە لە وڵاتانی ترەوە دێنە عیراق، لە فڕۆكەخانەكان بنیشنەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق هۆكاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی بۆ ناسەقامگیریی باری ئەمنیی لەناوچەكەو پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاووڵاتیان، گەڕاندەوە.

ئەمشەو سوپای ئێران، لە هێرشێكی ئاسمانیی فراواندا، زیاتر لە 100 مووشەكی بالیستی ئاڕاستەی خاكی ئیسرائیل كردو وێڕای بەرپەرچدانەوەی زۆربەی مووشەكەكان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە، بەڵام چەندین مووشەك لەناو خاكی ئەو وڵاتە كەوتنەخوارەوە، هاوكات سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: چەندین پێگەو بنكەی سەربازیی ئیسرائیل كراونەتە ئامانج. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن