راچڵەكینت -
بەپێچەوانەی هەڵوێستی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا كە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە دەستگیركردنی سەرۆكوەزیران و وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل، هەنگاریا رەتیدەكاتەوە بڕیارەكە جێبەجێ بكات و سەرۆكی حكومەتی ئەو وڵاتەش بەفەرمی بانگهێشتی نەتانیاهۆ دەكات بۆ سەردانكردنی وڵاتەكەی.
فیكتۆر ئۆربان، سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كە لەدژی سەرۆكوەزیران و وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەریكردووە، برشیارێكی هەڵەیەو هیچ كاریگەرییەكی نابێت.
وتیشی:" بەفەرمی بانگهێشتی بنیامین نەتانیاهۆ دەكەم بۆ سەردانكردنی هەنگاریا، دڵنیاشی دەكەمەوە كە لای ئێمە هەست بە دڵنیایی دەكات و بەهیچ شێوەیەك پابەندی بڕیارەكەی دادگای لاهای نابین و جێبەجێی ناكەین.
سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا، كە وڵاتەكەی سەرۆكایەتی خولی ئێستای یەكێتی ئەوروپا دەكات، رەخنەی توندی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی گرت بەهۆی دەركردنی بڕیاری دەستگیركردنی نەتانیاهۆ بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی لە كەرتی غەززە، راشیگەیاند: ئێمە بڕیاری هەڵەی لەو جۆرە جێبەجێ ناكەین.
لەكاردانەوەی ئەو هەڵوێستەی هەنگاریا، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ئۆربانی كرد بۆ پشتیوانیكردن لە وڵاتەكەی و رایگەیاند: حكومەتی بۆدابێست هاوشێوەی ئەمریكاو وڵاتانی دیكەی دۆست، بەم هەڵوێستەی دەریخست كە پاڵپشتی لە راستی و دادگەریی دەكات و دژی بڕیارە شوومەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە.
دوێنێ پێنجشەممە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەسەر داوای كەریم خان، داواكاری گشتی دادگاكە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆهەریەك لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەركرد، بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە كەرتی غەززە.