حکوومەتی کاتی سووریا پەیامێکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

جیهان

14/12/2024     ژمارەی بینراو 379

راچڵەکین-
حکومەتی کاتی سووریا، لە کۆبوونەوەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد کە ئیسرائیل ناچار بکەن پێشڕەوییەکانی بۆ ناوخاکی سووریا کەمتربکاتەوە و دەستبە رێکارەکانی کشانەوە بکات لە خاکەکەیاندا، بەهۆی ئەوەیی پێشرەوییەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی 1974دادەندرێت.

 

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، لە دوو نامەی هاوشێوەدا قوسەی زەحاک، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ  ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە رێنمایی حکومەتی کاتی سووریا کاردەکات و لەبەر ئەوەش داوای لێکراوە کە یەکەم پەیامی حکومەتەکە بخاتەڕوو، کە ئەویش کە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لەخاکی سووریا. 

لە پەیامەکەدا، قوسەی زەحاک باڵیۆزی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا کە سووریا بە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیدا تێ دەپەڕێت، گەلەکەی ئاواتەخوازن دەوڵەتێکی ئازادی و یەکسانی و سەروەری یاسا دابمەزرێت و هیواکانیان بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی بەدی بهێنن، بەڵام سوپای ئیسرائیل جبل الشیخ و پارێزگای قونەیترە و بەشێکی تری خاکی سووریا بۆردوومان دەکات و بەردەوامیشە لە داگیرکارییەکانی کە ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنامەی ساڵی 1974 دادەندرێت.

لە 8-12-2024، سوپای ئیسرائیل هاتە ناو خاکی سووریا و راستەوخۆ "جبل الشیخ" و بەرزاییەکانی جۆلانی کۆنترۆڵ کرد، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ هێزێک ببێتەوە، لە ئێستاشدا سوپای ئیسرائیل هێزەکانی خۆی لە ناوچەی پارێزەری سنووری لەگەڵ سووریا جێگیر کردووە. 

لەلایەکی دیکەشەوە نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەوبارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە فەرمانی یسرائیل کاتیز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سووپایی ئیسرائیل  پێگەکانی خۆیان لەسەر جبل الشیخ، کە شوێنێکی ستراتیجییە و دەڕوانێتە دیمەشق، جێگیرکردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات، بە گرنگی دەزانن کە لەسەر لووتکەی "جبل الشیخ" بمێنینەوە و دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی (سوپا) ڕێگە بە سەربازەکان بدەن سەرەڕای بارودۆخی سەختی کەشوهەوا لەو شوێنەدا بمێننەوە تاوەکوو بتوانن رێگە لە هەر ئاڵۆزییەک بگرن. 

لەو بارەیەشەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەیان کە لەگەڵ سووریا لە ساڵی 1974 مۆر کرابوو، دوای گۆڕینی دەسەڵات لە دیمەشق، کۆتایی پێ هات و لە ئێستادا هیچ رێککەوتنێکی لەو جۆرە بوونی نییە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن