راچڵەكین-
لەكاتێكدا بەشێك لەوڵاتان پێشوازیان لەپلانەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا كردووە لەبارەی كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە، یەكەم لایەن بەفەرمی پلانەكەی رەتكردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2025 نووسینگەی گشتی رێكخراوی ئیخوان لەمیسر لەبەیاننامەیەكدا بەفەرمی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی رەتكردەوەو رایگەیاند:" پلانەكە گوزارشتێكی راستەقینەی ناپاكی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییە كە رۆڵی بریكاری داگیركەری ئیسرایلی دەگێڕن."
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" پلانەكە بریتیە لە خۆبەدەستەوە دان، راگەیاندنی سەركەوتنی داگیركەرو دروستكردنی جێپێیەكی نوێیەتی لە غەززە، ئەوەش هەڕەشەیەكی روونە بۆسەر ئاسایشی ناوچەكە بەتایبەت میسرو ئوردن."
ئەو بەیاننامەیە لەكاتێكدا دێت كە تائێستا بزووتنەوەی حەماس هەڵوێستی خۆی لەسەر پلانەكەی ترەمپ ئاشكرا نەكردووە.
هەندێك لەسەرچاوەكانیش دەڵێن، بزووتنەوەی حەماس دەیەوێت هەندێك خاڵی پلانەكە گۆڕانكاریان تێدا بكرێت لەنێویاندا چەكداماڵین و جێهێشتنی كەرتی غەززە لەلایەن چەكدارانی بزووتنەوەكە.