راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا بالیۆزخانەكەی لە ئێرلەندا دابخات و باڵیۆزەكەشی لەو وڵاتە بكشێنێتەوە.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەهۆی سیاسەتە دوژمنكارییەكانی ئێرلەندا بەرامبەر ئیسرائیل و دژایەتیكردنی جولەكە، بڕیارمانداوە باڵیۆزخانەمكەمان لەو وڵاتە دابخەین و باڵیۆزەكەشمان لە دبلن-ی پایتەختی ئێرلەندا گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتیشی:" ئێرلەندا لە هەنگاوێكی دوژمنكارانەدا، تاكلایەنە دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، ئەمەش دژایەتیكردنێكی راستەوخۆی ئیسرائیلەو بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكانە، كە بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین.
تائێستاش حكومەتی ئێرلەندا بە فەرمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە وڵاتەكەی نەداوە.
لەدوای بڕیارەكەی حكومەتی ئێرلەندا بە داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و پێشوازیكردن لە باڵیۆزی فەلەستین لە وڵاتەكەی، پەیەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دووچاری ئاڵۆزی و گرژی بووە، مانگی رابردووش حكومەتی دبلن چووە پاڵ ئەو داواكارییەی كە ئەفریقای باشوور بە تاوانی ئەنجامدانی تاوانی بەكۆمەڵ لە غەززە، لەدژی ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پێشكەشی كردبوو.