ئاماری ساڵی رابردووی دابەشکردنی بەشەخۆراک و سەرپێچیەکان لەهەرێمی کوردستان راگەیەندرا

کوردستان

05/01/2025     ژمارەی بینراو 347

راچڵەکین-
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لەبارەی ئامارەکانی ساڵی رابردوەوە رایگەیاند، لە ئێستادا 11 سایلۆ لە هەرێمی کوردستان هەن کە راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێن. دەشڵێت، " لە ساڵی رابردوودا 10 بەشە خۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە  و دەستیش بەسەر زیاتر لە 690 تۆن خۆراکدا گیراوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانلە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لە رێگای بریکارەکانی خۆراکەوە بەردەوامی هەیە و بۆ هەر هاوڵاتیەک بەم جۆرەیە،  نیو کیلۆ ماش، 1 کیلۆ شەکر، 3 کیلۆ برنج، 1 لیتر زەیت،400 گرام دۆشاو، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی رابردوودا توانیویانە 10 بەشە خۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکەن، سەرەڕای ئەوەی لە بەشەخۆراکی هاوڵاتیاندا زیاد و کەمی روودەدات بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان بەشە خۆراکەکانیان وەرناگرن ئەوەش پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە بۆیە ئەو بەشەی کە زیادە دەبێت لەرێگای بریکارەکانەوە دەگەڕیندرێتەوە بۆ ناوەندەکان و دابەش دەکرێت بەسەر ئەو ناوچانەی کە کەمیان هەبووە لە بەشە خۆراک.

باسی لەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەرێم کە لە شەش شار و ناوچەی هەرێم بونیان هەیە و بەمەبستی رێکخستنی نرخی کاڵا و کەرەستە خۆراکییەکان توانیویانە تا ئێستا 51 هەزار سەردانیکردن ئەنجامبدەن،کە لەو سەردانیکردانەشدا تواندراوە 3 هەزار و 100 سەرپێچی تۆمار بکرێت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدابکرێت.  

لە کۆتایشدا ئەوەی خستەڕوو، ئاستی مامەڵەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی، چین،تورکیا،ئەوروپا،ئێران هاوردەکردنی کاڵابووە بە بەهای 8 ملیار دۆلار و زۆرترین هاوردەکردنی کەرەستەی خۆراکی بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن