راچڵەکین وردەکاری نەگەڕانەوەی داهاتی نەوتی بۆ وەزارەتی دارایی ئاشکرادەکات

کوردستان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 147

راچڵەکین-

بەگوێرەی ئامارەکان کە لە زاری بەرپرسان و وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم و وتەبێژی کۆمەڵەی ئەیپیکۆر وەرگیراوە، لە ساڵی رابردوودا لە كێلگەكانی هەرێمی كوردستاندا  رۆژانە 305 بۆ 320 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

بەگوێرەی تێکڕای فرۆشی نەوت  كۆی داهاتەكەی بەرامبەرە بە 4 ترلیۆن و 610 ملیار دینار، لەو ریژەیەش 2 ترلیۆن و535 ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێم بووە و بڕی 2 ترلیۆن و 74 ملیار  دیناری بۆ كۆمپانیاكان بووە بەهۆی قەرز و هاوبەشی 10٪ـی داهاتی نەوتی کە بەتێکڕا دەکات 45٪ـی داهاتی نەوتی هەرێم. 

بەگەڕانەوە بۆ رابردووی نەوتی هەرێم دەردەکەوێت کە لە رۆژی لە 25ی ئازاری 2023ـەوە نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری راگیراوە تا ئێستاش نەکراوەتەوە، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتەوە بە بۆری بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان بەردەوام بووە بەرهەمەكەشی بەشێكی لەناوخۆدا ساغدەكرێتەوە و بەشێكیشی بە تانكەر بۆ دەرەوەی عێراق رەوانە دەكرێت، چونکە رێگە لە فرۆشی نەوت بە بۆری گیراوە نەوەک تەنکەرەکان ئەوەش وایکردووە تا ئێستا پرسی هەناردەی نەوت لە رێگای بۆریەوە چارەسەر نەبێت. 

بەگوێرەی کۆتا لێدوانی وتەبێژی کۆمەڵەی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) لە ئێستادا لە 14 كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەمدەهێندرێت، هەروەها رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە 305 – 320 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بەگوێرەی ئەو داتایانەی مایەڵز، کە وتەبێژی کۆمەڵەکەیە راچڵەکین بەدواداچونکی کردووە دەرکەوتوە، کە لە ساڵی رابردوودا بڕی  111 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە  لەرێگای تەنکەرەوە فرۆشراوە.

هاوکات  بوگوێرەی  چاوپێكەوتنەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ رۆژنامەنووسان لە 23/3/2024 ئاماژەی بەوەکرد، کە بەرمیلی نەوت بە تێكڕا 31 دۆلار دەفرۆشرێت لەو رێژەیەش داهاتەکەی 55%ـی بۆ حكومەتەو 45%ـی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان خەرجی گواستنەوە نادەن راستەوخۆ دەیفرۆشن.

بەڵام بەگوێرەی وتەی وتەبێژەکەی ئەیپیکۆر کە لە چاوپیکەوتنیکی تەلەفزیۆنیدا باسی لێوەکرد لە ئێستادا پشكی حكومەتی هەرێم زۆر زیاترە لەو رێژەیەیی کە وەزیری دارایی ئاماژەی پێكردووە، چونکە لە هەندێك كێڵگە 65٪ـی پشكی حكومەتە، بۆیە ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی بەرهەمهاتووە و فرۆشراوە بەرمیلی بە تێكڕا 31 دۆلاربێت  كۆی ئەو 111 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلە داهاتەكەی دەكاتە 3 ملیارو 493 ملیۆن دۆلار.

داهاتی فرۆشی نەوت بەراورد بەو نرخەی وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتیەکان بە 31 دۆلار کە ئاشکرایان کردووە، بەرامبەرە بە 4 ترلیۆن و 610 ملیار دینار، لەو پارەیەش 55%ی بۆ حكومەت بووە بەپێی وتەی وەزیری دارایی هەرێم دەكاتە 1 ملیار و 921 ملیۆن دۆلار، کە بە دیناری عێراقی دەکاتە 2 ترلیۆن و 535 ملیار دینار.

هەروەها رێژەی 45٪ـی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە واتا 1 ملیار و 571 ملیۆن دۆلار کە بە دیناری عێراقی بەرامبەرە بە  (2 ترلیۆن و 74 ملیار دینار دەکات.

بەگوێرەی بەدواداچونێکی راچڵەکین و کۆتا لێدوانی وەزارەتی دارایی کە لەراپۆرتی ساڵانەدا ئاشکرایان کردووە تێیدا هاتووە، ئەو پارەیەی بۆ حكومەت بووە لە داهاتی نەوتی  2 ترلیۆن و 535 ملیار دینارە بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی بەڵكو راستەوخۆ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەكارهاتووەو تەسەڕوفی پێوەكراوە.

لە پارەی نەوت مانگانە 48 ملیار دینار خەرجكراوە بۆ چەند بوارێك:

یەکەم؛ بڕی 22 ملیۆن دۆلار بۆ كرێی كارەبا و كرێنی غاز لە كۆمپانیای كار و دانەغاز

دووەم؛بڕێك پارەی مانگانە بۆ قەرزی كۆمپانیاكان

سێیەم؛ بڕێك پارە بۆ پاڵپشتی نەوتی سپی ماڵان

چوارەم؛بڕێك پارە بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی نەوتی سپی لەناوخۆ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن