راچڵەکین-
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وزەی پاک لە بەغدا رایگەیاند، عێراق بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا ئاستی پشتبەستنی عێراق وەک ناوەندێکی بازرگانی جیهان بەرچاوترە و رۆڵی گرنگی عێراق لە ناوچەکەدا هەمیشە ستایش دەکرێت. دەشڵێت، " هێڵی گەشەپێدان هێڵی نوێی بازرگانی نەوت و وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکات".
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وزەی پاکی بەغدا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد، عێراق چەندین بەربەستی نوێی بڕیوە و سەرکەوتووبووە لەسەرجەم ئەو بەڵین و قۆناغانەی کە دەبوو بیانبینێت و ببونە ئاڵنگاری بۆی بەتایبەتیش لە پرسی وزەدا، کە گەورەترین کێشەی عێراق بەفیڕۆچوونی غازبوو لە ئێستادا بەشێکی گەورەی ئەو گرفتە چارەسەر کراوە و قۆناغێکی نوێی بەرهەمهێنانی غاز بۆ عێراق دێتە پێشەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەیان گرێبەستی نەوتی و وزەیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامداوە و دەیان کۆمپانیای دیکەش ئامادەباشی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن و هاتنە ناو خاکی عێراق لەوانەش کۆمپانیا فەڕەنسییەکان و ئیتاڵییەکان و چینییەکان و ئەمریکییەکانیش، بۆیە دەتوانن بڵێن لە ئێستادا جیهان لە هەوڵدایە و پێشبڕکێ دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە ناو خاکی عێراقدا کە ئەوەش بەهۆی ئەنجامدان و تەواوبوونی هێڵی گەشەپێدانەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و رۆن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و جیاواز لەوەش هەوڵدراوە کە چەندی گرێبەستی وزەی پاک لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان ئەنجامبدرێت کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی فشار لەسەر کەرتی کارەبا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگای سووتەمەنییەوە لە ئێستاشدا 4875 مێگاوات کارەبا لەرێگای وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێندرێت.