راچڵەکین-
بەڕێوەبەری ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە راچڵەکین-ی رایگەیاند، ساڵی 2024 لە عێراق رێژەی تاوانکاری ١٥٪کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی 2023، ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ رێکارە ئەمنییەکان و هۆشیاری هاوڵاتیانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە فازڵ غەراوی، بەڕێوەبەری ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی ریژەی تاوانەوە لە لێدوانێکیدا بۆ راچڵەکین ئاماژەی بەوەش کرد، بە تێکڕا لەماوەی ساڵی رابردوو بەراورد بە 2023 تاوانەکانی گەندەڵی دارایی و بەرتیل بە رێژەی 25٪ کەمیکردووە و دەستەی دەستپاکیش زیاتر بەدوای کەیسەکانی گەندەڵیدا دەچێت ئەوەس وایکردووە بەردەوام ریژەی گەندەڵی روولە کەمبوونەوە بکات.
فازڵ غەراوی باسی لەوەش کرد، ئاستی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەماوەی ساڵی 2023ـدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو بەڵام لە سەروبەندی رێکارە ئەمنییەکاندا لە ساڵی رابردوودا ئاستی بازرگانیکردن بەو ماددانەوە بە رێژەی 18٪ کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەسی ئاشکرا کرد، تاوانی کوشتن لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە رێژەی 22٪ بەراورد بە 2023 دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، هەروەها تاوانەکانی دزی و رێگریکردن لە ماڵ و سامانی هاوڵاتیان و گەشتیاران بە رێژەی 10٪ بۆ ٪14 بەگوێرەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق لە ساڵی 2024ـدا کەمیکردووە.