راچڵەکین-
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە راچڵەکین-ی رایگەیاند، هەرکەسێک کارتی نیشتیمانی نەبێت یان مووچەی سەروو دوو ملیۆن بێت بەشەخۆراکی مانگانەی پێنادرێت و رادەگیرێت. دەشڵێت، بۆ مانگی رەمەزان ئاردی سفر و هێلکە زیاد دەکرێتە سەر بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەوزاد شێخ کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە راچڵەکین-ی رایگەیاند، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستیان بەدابەشکردنی یەکحەم بەشە خۆراکی ساڵی 2025 کردووە، بەڵام بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەر هاوڵاتییەک مووچەکەیی سەروو دوو ملیۆن دینار بێت ئەوە بەشە خۆراکی رادەگیرێت وەک ریکارێک تاوەکوو بتواندرێت زۆرترین بەشە خۆراکی گەڕاوە بۆ هاوڵاتیان و خێزانە هەژارەکان دابینبکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان ئاردی سفر و هێلکە زیاد دەکرێت بۆسەر بەشەخۆراکی مانگانە، وتیشی." ئەگەر ئەمساڵ هیچ گەنمێکیش وەرنەگیرێت کێشەی گەنمان نابێت وەک عێراق و هەرێم و سایلۆکانمان پڕن".
نەوزاد کامیل باسی لەوەش کرد، لە نزیکترین کاتدا لە هەموو هەرێم کارتی ئەلکترۆنی لە بری فۆرمی خۆراک بۆ هاوڵاتیان دروستدەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام داوای بەرزکردنەوەی کوالیتی خۆراک دەکەن و بۆ ئەومەبەستەش بەبەردەوامی داواکارییان پێشکەش بە بەغدا کردووە و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی لەسەرهێڵن بۆ کردنەوەی ناوەندی بازرگانی کە خۆراکی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات.