کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 209

راچڵەکین-

ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر پێنجەم کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و  پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆتایی هات.

بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە یەکێتی و پارتی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لەلایەن شاندە تەکنیکییەکانی هەردوو حزبەکە رەشنووسێکی نۆ تەوەری ئامادە کراوە کە 15 خاڵ لە خۆ دەگرێت و دەخرێتە بەردەم لیژنەی باڵای دانووستانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.

میدیای پارتی لە بارەی روشنوسەکەوە بڵاویکردەوە، گرنگترین تەوەرەکانی نێوان هەردوو شاندەکە لایەنی سیاسی، پەرلەمان، دارایی ، پەیوەندییەکان، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، پێشمەرگە ، وزە، دەسەڵاتی دادوەری بووە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە و نوسراوەتەوە. 

هاوکات لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە، هەر خاڵێکی ناکۆک مابێتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای دانووستانکاری پارتی و یەکێتی بەجێ دەهێڵرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت.

پێشتریش رێواز فایەق، ئەندامی شاندی تەکنیکی دانووستانەکانی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن، چونکە لە ئێستادا خاڵە هاوبەشەکانیشیان زیاترە لە خاڵە ناکۆکەکان هەرچەندە جیاوازییان لە بیروڕا هەیە لەبارەی میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت بەڵام ئەمە نابێتە گرفتێکی گەورە لەبەردەم خاڵە هاوبەشەکانیان.

تاوەکوو ئێستە یەکێتی و پارتی چوار جار بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت کۆبوونەوەتەوە، دوایین کۆبوونەوەشیان رۆژی 21-01-2025 بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن