راچڵەكین-
ئەنجامی كۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عیراق و داتا و زانیارییە پەیوەندیدارەكان بڵاودەكرێنەوە.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق، بڵاویكردووەتەوە ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـ شوباتی 2025، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی عیراق و ژمارەیەك باڵیۆز و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنجامی كۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ڕادەگەیەنن.
پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عیراق لە رۆژانی 16-19ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستیپێكرد. تێیدا زانیارییەكانی دانیشتووان تۆماركران و رۆژانی 20-21 پشتڕاستكردنەوە بۆ زانیارییە تۆماركراوەكان كرا.
بەگوێرەی ئەنجامەكە، ژمارەی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان 46 ملیۆن و 118 هەزار و 895 كەسە، ئەو ژمارەیە بیانییەكان و پەنابەرانیش دەگرێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیش زیاترە لە 6 ملیۆن و 370 هەزار كەسن كە رێژەی 14% كۆی دانیشتووانی عیراق پێكدەهێنن.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری، لە عیراق و هەرێمی كوردستان 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان هەن، تێكڕای ژمارەی ئەندامانی خێزان 5.3 كەسە.