راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا لەچوارچێوەی سەپاندنی سزاكانی بەسەر كەنەدا، بڕیاریدا باج لەسەر هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەو وڵاتە بۆ دوو هێندە بەرزبكاتەوە، دۆناڵد ترەمپ-یش رایدەگەیەنێت: بڕیارە نوێیەكە لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، وەزارەتی بازرگانیی وڵاتەكەی راسپارد باجی گومرگی بەڕێژەی 25%ی دیكە لەسەر هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی كەنەدا بسەپێنێت و بیگەیەنێتە 50%، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ بڕیارەكەی پارێزگای ئۆنتاریۆی كەنەدا بە سەپاندنی 25%ی باج لەسەر ئەو كارەبایەی كە رەوانەی ئەمریكای دەكات.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: بڕیارە نوێیەكە لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەر ئەو وڵاتەش سەپاندنی باج لەسەر بەرهەمی شیرەمەنیی ئەمریكا لانەبات، ڕوبەڕوی كاردانەوەی توندی ئێمە دەبێتەوە، كە كاریگەریی زۆر خراپ لەسەر پیشەسازی ئۆتۆمبێلەكانیان دەبێت و پەكی دەخات.