ئەردۆغان لەسەر رێككەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دێتەدەنگ

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 443

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا

راچڵەكین -

سەرۆككۆماری توركیا پێشوازی لە رێككەوتنە 8 خاڵییەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەكات و رایدەگەیەنێت: جێبەجێكردنی تەواوەتیی رێككەوتنەكە، خزمەت بە ئاشتی و ئاسایشی سوریا دەكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ئەو رێككەوتنەی لەنێوان فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و سەرۆكی سوریا واژۆكراوە، هەنگاوێكی باشە و ئەگەر بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێت، خزمەت بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا دەكات.

وتیشی:" توركیا لەگەڵ ئەوەدایە تەواوی ناوچەكە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدابێت بەبێ جیاكاریی ئاینی و مەزهەبی و رەگەزی".

ئەردۆغان جەختی لەوەشكردەوە كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە یەكپارچەیی خاكی سوریای دراوسێ و هەماهەنگی و یەكگرتوویی دەدات، راشیگەیاند: لەتواناماندا هەیە پیلانەكانی پووچەڵ بكەینەوەو ئایندەمان مسۆگەر بكەین.

دوێنێ دووشەممە، لە شاری دیمەشق-ی پایتەختی سوریا، هەریەك لە مەزڵوم عەبدی، لەنێوان فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، رێككەوتنێكیان واژۆكرد، كە لە 8 خاڵ پێكدێت، لەدوای واژۆكدرنی رێككەوتنەكە، مەزڵوم عەبدی بڵاویكردەوە، لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێكەوە كاردەكەین بۆ زامنكردنی قۆناغی راگوزەر كە رەنگدانەوەی خواستەكانی گەلەكەمان بێت بۆ دادپەروەری و سەقامگیری، ئێمە پابەندین بە بونیادنانی ئایندەیەكی باشتر كە مافی هەموو سوورییەكان زامن بكات و خواستەكانیان بۆ ئاشتی و كەرامەت بەدی بهێنێت، ئێمە ئەم رێككەوتنە بە دەرفەتێكی راستەقینە دەزانین بۆ بونیادنانی سوریایەكی نوێ، كە هەموو پێكهاتەكانی لە باوەش بگرێت و دراوسێیەتییەكی باش مسۆگەر بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن