راچڵەكین-
دادگای توركیا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ و زیاتر لە 100 كەسی تری دەركرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، هێزێكی ئەمنی توركیا هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ و دەستگیریان كرد.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكاندا جگە لە ئیمام ئۆغڵۆ 104 كەسی دیكەی دیكەشیان دەستگیركردووە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و بازرگان هەن.
ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، زانكۆی ئیستەنبوڵ، لە ڕاگەیەنراوێكدا هەڵوەشاندنەوەی بڕوانامەی 28 دەرچووی ڕاگەیاند، لەنێویاندا بڕوانامەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو هەبوو، هۆكارەكەشی بۆ نەگونجانی لەگەڵ ڕێسا و ڕێنمایەكانی دەستەی خوێندنی باڵا گەڕاندەوە و ئاماژەیداوە.
بەگوێرەی ئەو سكاڵایانەی دژی تۆماركراون، ساڵی 1990 ئیمام ئۆغڵو كە خوێندكاری بەشی كارگێڕیی كار بووە لە زانكۆی ئیستەنبووڵ، بە شێوەیەكی نایاسایی و رێگەپێنەدراو خوێندنەكەی گواستووەتەوە بۆ زانكۆی گیرنە لە قوبرسی باكوور.
دوای بڕیارەكە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردەوە، بڕیارەكەی دەستەی كارگێڕیی زانكۆی ئیستەنبووڵ نایاساییە:" ئەوان دەسەڵاتی بڕیارێكی لەم جۆرەیان نییە و دەڵێت:"ئەو دەسەڵاتە تەنیا لەدەستی كۆلیژی كارگێڕیی كارە. ئەو رۆژە نزیكە كە ئەو كەسانەی ئەم بڕیارەیان دەركردووە لەبەردەم مێژوو و دادپەروەری لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت. رێپێوانی ئەم گەلەمان كە تینووی دادپەروەری، یاسا و دیموكراسییە، ناوەستێندرێت".
ئەم بڕیارە لەكاتێكدایە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆماریی توركیا.
پێشتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە رایگەیاندبوو كە ئاكپارتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم ئیمامئۆغڵو دروستبكات، شەش دۆسیەی لە دادگا لەسەر كردووەتەوە.
بڕیارە رۆژی 23-3-2025 جەهەپە دەنگ لەسەر كاندیدی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا بدات. ئیمام ئۆغڵو دیارترین كاندیدە، بەڵام ئەگەر بڕوانامەكەی بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە، ناتوانێت خۆی كاندید بكات، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئەوەیە كە لانیكەم دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت.