راچڵەكین -
سێ بوومەلەرزەی بەدوای یەك لە ناوچەی نەتانز-ی لەسنووری پارێزگای ئەسفەهان-ی ئێران روویاندا، بەرپرسێكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، بوومەلەرزەكان زیانیان بە وێستگەی ئەتۆمیی نەتانز نەگەیاندووە.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی سێ بوومەلەرزە ناوچەی نەتانزی هەژاند، كە بەهێزترینیان بە گوڕی پێنج پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
بەهرۆز كەمالوندی، وتەبێژی رێكخراوی وزەی ناوەكیی ئێران رایگەیاند: بوومەلەرزەكان هیچ زیانێكیان بە وێستگەی ئەتۆمیی نەتانز نەگەیاندووەو وێستگەكە سەلامەتە.
وێستگەی ئەتۆمیی نەتانز، كە یەكێكە لە وێستگە گرنگەكانی ئێران، دەكەوێتە باكووری شاری ئەسفەهان، لەماوەكانی رابردوودا وەك ئامادەكاریی ئێران بۆ ئەگەری هەر هێرشێكی دەرەكی بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی، سەكۆی بەرگریی ئاسمانی لەنزیك وێستگەكە جێگیركردووە.