موقتەدا سەدر بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان دەدات

عێراق

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 202

موقتەدا سەدر

راچڵەكین -

موقتەدا سەدر هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداریكردنی رەوتەكەی لە هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: هەتا گەندەڵی بمێنێت، بەشداری لەهیچ هەڵبژاردنێكدا ناكەین.

رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لەوەڵامی نامەیەكدا كە لەلایەن هاووڵاتییەكەوە ئاڕاستەی كراوە سەبارەت بە ئەگەری بەشداریكردنی رەوتەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، سوپاسی خوا دەكەم كە ئێمەی لە قەومی گەندەڵكاران رزگاركرد، چونكە خوا گەندەڵیی خۆشناوێت.

سەدر لە وەڵامەكەیدا روونیكردووەتەوە، با هەموولایەك بزانن، هەتا گەندەڵی مابێت، بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا ناكەم، پرۆسەیەك كە تەنها بەرژەوەندی تایفی و نەتەوەیی و حزبی لەبەچاو دەگرێت و زۆر دوورە لە نەهامەتیی گەل و ئەو كارەساتانەی لەناوچەكەدا روودەدات، كە هۆكارەكەی تێوەگلاندنی عیراق و گەلەكەیەتی لە كوشتارگەیەك كە هیچ سوود و بەرژەوەندییەكی تێدا نییە.

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشكردووە كە تائێستاش پشت بە پابەندبوونی بنكەی جەماوەریی خۆشەویستانی سەدر لە رەوتی نیشتمانیی شیعە دەبەستێت، راشیگەیاندووە، " هەربۆیە وەك چۆن فەرمانم پێیان كرد دەنگ بدەن، ئەمڕۆش هەمووان لە خۆبەدوورگرتن لە دەنگدان و خۆكاندیدكردن ئاگاداردەكەمەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن