راچڵەكین -
هێزەكانی سوریای دیموكرات لەدووەم رۆژی هەڵمەتێكی ئەمنیی كە لە كەمپی هول دەستیان پێكردووە، 16 كەسیان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیركرد.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەمیانی ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی كە لەدوێنێوە بەهاوكاریی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و یەكینەكانی پاراستنی ژن، لە كەمپی هول دەستیان پێكردووە، 16 تیرۆریستیان دەستگیركرد كە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
لەمیانی هەڵمەتەكەدا، دەست بەسەر ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنیدا گیرا، كە تیرۆریستان لەناو كەمپەكە حەشاریان دابوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەسەدە لەماوەی دوو رۆژی هەڵمەتەكەیدا بۆسەر كەمپی هول، تائێستا 33 تیرۆریتی داعشی دەستگیركردووە، كە گومان دەكرێت پیلانیا داڕشتبێت بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و هەوڵدان بۆ راكردن لە كەمپەكە.
كەمپی هول كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان، تایبەتە بە نیشتەجێكردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش، كە ژمارەیان دەیان هەزار كەس دەبێت، ئەركی پاراستنی كەمپەكەش بە هێزە ئەمنییەكانی هەسەدەو یەكینەكانی پاراستنی ژن سپێردراوە.