مارتینێز پەیامێک ئاڕاستەی ناوبژیوانی کلاسیکۆ دەنێرێت

وەرزش

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 101

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ئینیگۆ مارتینێز بەرگریکاری یانەی بەرشەلۆنە پەیامێکی بۆ ڕیکاردۆ دی بورگۆسی ناوبژیوان نارد، کە ناوبژیوانی یاریی کۆتایی جامی شای کرد لە کەشێکی ئاڵۆزدا لە یاریگای لا کارتوخا لە سیڤیلیا.

ڕیال مەدرید داوای گۆڕینی ناوبژیوانی کرد و هەندێک فشاری میدیایی خستە سەر، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دی بورگۆسی وەک ناوبژیوانی یارییەکە هێشتەوە، کە بارسا دوای کاتی زیادکراو بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

مارتینێز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، "دەمەوێت دەستخۆشی لە ناوبژیوان دی بورگۆس بکەم بەهۆی ئاستەکەیەوە، ئەو و تیمەکەی لە ئاستێکی خەیاڵیدا بوون، هیوادارم هەموومان بتوانین هەمان شت بکەین".

ئینیگۆ وتیشی: دەبێت پاڵپشتی ناوبژیوانان بکەین، لەم ژیانەدا کەس بێ هەڵە نییە، پیشەیەکی قورسە، ئەو ئاستە ڕەخنانەی کە پێش یارییەکە پێی گەیشتین نادادپەروەرانە بوو.

بەرگریکارەکەی بارسا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەمزانی یارییەکە بۆی ئاسان نابێت، بەهۆی ئەو بانگەشانەی پێش ئیلکلاسیکۆ، دڵخۆشم بۆ ڕیکاردۆ، ئەو پیاوێکی گەورەیە و پیشەگەرە.

شایەنی باسە لە کۆتایی یاریی کۆتایی جامی شادا ناوبژیوان سێ یاریزانی یانەی ڕیال مەدریدی بە کارتی سوور دەرکرد کە بریتین لە جود بێلینگهام و لوکاس ڤاسکێز و ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، بەهۆی ئەوەی لە کاتی یارییەکەدا بە توندوتیژی و شەڕانگێزانە ناڕەزایەتیان دەربڕی بۆ یەکێک لە بڕیارەکانی.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن