سودانی كۆتایی بە مشتومڕەكانی تایبەت بەهاتنی شەرع بۆ بەغداد دەهێنێت

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 472


راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق، مشتومڕەكانی تایبەت بە هاتنی ئەحمەد شەرع-ی سەرۆكی سوریای بۆ عیراق یەكلاكردەوە.

محەمەد شیاع سودانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تیم كۆنستانتن-ی رۆژنامەنووسی ئەمریكی، جەختیكرد لە ئامادەبووین ئەحمەد شەرع-ی سەرۆكی سوریا لە لوتكەی بەغداد.

سودانی ، لەگەڵ ئاماژەدان بە بایەخی ئامادەبوونی شەرع لەو لوتكەیەدا، لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكرد، لوتكەكە هەلێكە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی نوێی سوریا لە عیراقەوە باس لە پلانەكانی خۆی بكات بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لەسوریا.

مانگی رابردوو، عیراق بەفەرمی بانگهێشتی دەسەڵاتی نوێی سوریای بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع كرد بۆ ئامادەبوون لە لوتكەی بەغداد كە بڕیارە 17ی ئەم مانگە كارەكانی دەستپێبكات.

سەردانیكردنی عیراق لەلایەن ئەحمەد شەرع-ەوە، مشتومڕێكی زۆری لەنێو لایەنە شیعەكانی عیراق دروستكردووە، هەندێكیان ئاماژە بەوە دەكەن ئەحمەد شەرع  ناسراو بە " ئەبو محەمەد جۆلانی" ئەو كاتەی سەركردایەتی بەرەی نوسرەی نزیك لەداعشی دەكرد، دەستی بەخوێنی سەدان هاوڵاتی عیراقی سوربووەو فەرمانی دەستگیركردنی هەیە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە.

بەشێك لەسەركردەی ئەو لایەنانە دەڵێن ئەگەر بێتو شەرع بێتە عیراق، هێزە ئەمنییەكان مافی خۆیانە ئەو بڕیارەی دادگا جێبەجێ بكەن، ئەوەش پشێوی لێدەكەوێتەوە هەر لەبەر ئەوە داوا دەكەن سەردانەكەی ئەحمەد شەرع بۆ عیراق ئەنجام نەدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن