راچڵەكین -
بەریتانیا سزای نوێ بەسەر كەرتی نەوتی رووسیادا دەسەپێنێت و سامانە داراییەكانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆمپانیایەكی نەوتیی ئەو وڵاتەش بلۆك دەكات.
حكومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی گوژارەكانی بۆسەر رووسیا بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر ئۆكراینا، بڕیاریدا گوژمەیەكی نوێی سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.
سزاكان نزیكەی 100 كەشتی نەوتهەڵگری رووسیا دەگرێتەوە، كە بەشێوەیەكی نایاسایی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە دەگوازنەوە، بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی لەندەن، لەمەودوا رێگە بەو كەشتییە نەوتهەڵگرانە نادرێت بە سنوورە ئاوییەكانی بەریتانیادا تێپەڕ ببن و هێزە دەریاییەكانی وڵاتەكەش بۆیان هەیە دەستیان بەسەردا بگرن.
هاوكات، بەریتانیا بڕیاریشیدا سەرجەم سامانە داراییەكانی بەرپرسانی كۆمپانیای (كۆرال ئێنێرجی گروپ) بلۆك بكات، كە تۆمەتبارن بە هاوكاریكردنی حكومەتی رووسیا لە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتەكەی.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆئاوا، كە لەپاڵ ئەمریكا زۆرترین سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر ئۆكراینا.