راچڵەكین-
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، لەئێستادا هەولێرو بەغداد لەگفتوگۆی جددیدان لەبارەی گرێبەستە نوێیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمریكا لەبواری وزەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئایاری 2025 سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، گفتوگۆكانی هەولێرو بەغداد لەبارەی گرێبەستەكانەوە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەكی گونجاو بۆ كێشەكان" كە پێویستە چارەسەر بكرێن." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
ناوەراستی ئەم مانگە، لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە واشنتۆن، بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ كرد.
ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم هەرزوو كاردانەوەی وەزارەتی نەوتی عیراقی لێكەوتەوەو رایگەیاند:" سەرەڕای پێویستییەكان بۆ گەورەكردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕكردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەكان بۆ وێستگەكانی كارەبا، بەڵام ئەو رێكارانەی هەرێمی كوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشكرا دژی یاسا عیراقییەكانەو، بە پشتبەستن بە دەستووری عیراق و بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی، پووچەڵبوونی ئەو گرێبەستانە دووپات دەكەینەوە."
لەبەرامبەردا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:" ئەو رێكەوتنانە، پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان و هەردوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. "