ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی بەلجیکی بەر لە یارییەکانی جامی جیهانی یانەکان لە ئەمریکا تووشی پێکان بووە لە پشتی.
یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یاریزانەکە تووشی کێشەیەکی جەستەیی بووە، لەوانە هەوکردنی جومگەی بنی بڕبڕەی پشتی، ئەمەش پێویستی بە چارەسەر هەیە لە ماوەی داهاتوودا.
کۆرتوا کە دوای ڕۆیشتنی تیدێسکۆی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەڕایەوە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لەم پشووە نێودەوڵەتییەی ئێستادا بەشداری دوو یاریی هەڵبژاردەی بەلجیکا ناکات، ئەویش بەرامبەر مەقدۆنیا و وێڵز لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026.
سەبارەت بە بەشداریکردنی گۆڵپارێزەکە لەگەڵ ڕیال مەدرید لە جامی جیهانی یانەکاندا، پێشبینی دەکرێت تیبۆ لە کاتی خۆیدا چاکببێتەوە بۆ یەکەم یاری تیپەکە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر هیلالی سعودی ئامادەبێت.
بڕیارە کۆرتوا چارەسەری دژە هەوکردن و چارەسەری فیزیایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی پێش مۆندیالی یانەکان ئەنجام بدات. یانەی ڕیال مەدرید ماوەی ئامادەنەبوونی ئاشکرا نەکردووە، تەنها ئاماژەی بەوە کردووە کە چاکبوونەوەی بەندە بە پێشکەوتنەکانی لەگەڵ پرۆگرامی چارەسەرکردن.