راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە كەرتی غەززە فراوانتر دەكات و داواش لە دانیشتووانی چەندین ناوچەی باكووری كەرتەكە دەكات لەپێناو سەلامەتی ژیانیان، بەزووترین كات ناوچەكانیان جێبهێڵن و روو لە شوێنە ئارامەكان بكەن.
ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا رایگەیاند: هێزەكانی سوپا ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی فراوانی سەربازیی بۆسەر چەند ناوچەیەكی باكووری غەززە دەكات بەمەبەستی پاككردنەوەیان لە تیرۆریستانی حەماس.
ئەدروعی داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كەرتی غەززە كرد لەپێناو پاراستنی ژیانیان، بەزووترین كات ناوچەكانیان جێبهێڵن و روو لە كەمپەكانی نیشتەجێكردنی ئاوارەكان بكەن لە رۆژهەڵاتی كەرتی غەززە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشكراشیكردووە، هەر شوێنێكی كەرتی غەززە كە لەلایەن حەماسەوە بەكاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، دەبنە ناوچەی سەربازی و سوپای ئیسرائیلیش سڵ لە هێرشكردنە ئەو ناوچانە ناكاتەوە.
تائێستا دەیان هەزار كەس لە دانیشتووانی ناوچەكانی باكووری كەرتی غەززە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای ئیسرائیلەوە، جارێكی تر ئاوارەبوونەتەوەو ناچار بوون ناوچەكانیان جێبهێڵن.