راچڵەكین -
مانگی سووری ئێرانی بڵاویكردەوە، ژمارەیەك حاجی ئەو ڵاتە لەكاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گیانیان لەدەستدا.
ئیدارەی پرۆسە تەندروستی و پزیشكییەكانی سەر بە رێكخراوی مانگی سووری ئێرانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، 13 حاجی ئێرانی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەركەوتنی تیشكی خۆرەوە، گیانیان لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەشاری مەككە، كە گەیشتووەتە 47 پلەی سیلیزی، كاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستی حاجییان ئێران دروستكردووە، بەتایبەتی ئەوانەی گرفتی تەندروستییان هەیە، بەو هۆیەشەوە 137 حاجیی ئێرانی رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری مەككە كراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە، ئەمساڵ یەك ملیۆن و 673 هەزار و 230 كەس كە زۆربەیان لە دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە هاتوون، فەریزەی حەجیان بەجێەیاندووە.