ئیسرائیل لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا دێتەدەنگ

جیهان

16 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 170

راچڵەكین -

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: لەئەگەری هەر رێككەوتنێكی ئاشتی، بەرزاییەكانی جۆلان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەخاكی ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 30-6-2025، جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری قودس، رایگەیاند: حكومەتی ئیسرائیل بایەخێكی زۆر بە پرسی رێككەوتنی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا و لوبنان دەدات، بۆئەو مەبەستەش هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ فراوانكردنی بازنەی رێككەوتنی ئیبراهیمی، بۆئەوەی وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش بگرێتەوە، لەوانەش سووریا و لوبنان.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی لەوەكردەوە، كە لەئەگەری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سووریا و لوبنان، بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆ لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان ناكەن و ئەو ناوچەیە وەك بەشێكی دانەبڕاو لە خاكی وڵاتەكەی دەمێنێتەوە، بەهیچ شێوەیەكیش دەستبەرداری نابن.

لێدوانەكەی جەدعۆن ساعر، لەكاتێكدایە، تۆم باراك، نێردراوی تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا رایگەیاندبوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا، وتوویەتی ئەو رقی لە ئیسرائیل نییە و خوازیاریشە لەگەڵ ئەو وڵاتە بگاتە رێككەوتنی ئاشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن