راچڵەكین -
دوای چەند رۆژێك لە كۆنترۆڵكردنی دوو شارۆچكەی سنووری كۆماری دۆنێتسك، سوپای رووسیا لە دوو هێرشی جیادا، دوو ناوچەی دیكەی لە دۆنێتسك و خاركۆڤ لەژێر دەستی هێزەكانی ئۆكراینا كۆنترۆڵكرد، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار و 650 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-7-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی پێشڕەویی هێزەكانیان لە بەرەەكانی شەڕ، دوای چەند هێرشێكی فراوان، توانییان دوو شارۆچكەی دیكە لەسنووری كۆماری دۆنێتسك و هەرێمی خاركۆڤ كۆنترۆڵ بكەن.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانی ئۆكراینا بەهۆی كەمیی تەقەمەنییەوە، توانای خۆڕاگرییان نەماوەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، لەسەرجەم بەرەكانی شەڕدا هەزار و 653 سەربازیان كوژراوەو دەیان تانك و زرێپۆش و سەكۆی مووشەكییان لەناوبرا.
ماوەی چوار مانگە، سوپای رووسیا هاوكات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكانی بۆسەر شارەكانی ئۆكراینا، هێرشە زەمینییەكانیشی بۆسەر خاكی ئەو وڵاتە چڕتركردووەتەوە و تائێستاش دەیان شارو شارۆچكە و ناوچەی ستراتیجییان كۆنترۆڵ كردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای رووسیا بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە خوازیاریی ئاشتی و گەیشتنن بە رێككەوتن لەگەڵ ئۆكراینا بۆ راگرتنی شەڕ و بەرقەراركردنی ئاشتی لەناوچەكە.