راچڵەكین -
ئەمریكا ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین ئاشكرادەكات و سەرۆكی رووسیاش رایدەگەیەنێت: دەستبەرداری ئامانجەكانمان لە ئۆكراینا نابین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-7-2025، سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی رووسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و جگە لە پرسی ئۆكراینا و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كرد.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترەمپ و پوتین نزیكەی یەك كاتژمێری خایاند، ئەمەش شەشەمین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان ئەو دوو سەرۆكەیە لەدوای هاتنەوە سەرحوكمی دۆناڵد ترەمپ.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، دۆناڵد ترەمپ خواستی خۆی نیشانداوە بۆ پەلەكردن لە كۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتین جەختی لەوە كردووەتەوە كە مۆسكۆ دەستبەرداری ئامانجەكانی لە ئۆكراینا نابێت، هاوكات ئامادەیی خۆیشی نیشانداوە بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كیێڤ بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ و واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی.