راچڵەكین -
دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەران دەردەكات و داواش لە گشت ئەندامانی پۆلیس دەدات دەستگیر بكەن و بیهێننە بەردەم دادگا.
بەگوێرەی نوسراوێكی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، بەهۆی ئەو سكاڵایەی كە لە فەرمانگەی لێكۆڵەرەوەی دادوەریی لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لەسەری تۆماركراوە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، دەركرد.
فەرمانی دەستگیركردنەكە بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عیراقییە، ئەو دادوەرەی فەرمانی دەستگیركردنەكەی دەركردووە، داواشی لە گشتی ئەندامانی پۆلیس كردووە، تۆمەتبارەكە بگرن و بیدەن بە دادگا.
دەقی ماددەی 226 لەیاسای سزادانی عیراقی، "هەر كەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا سووكایەتی بە ئەنجومەنی گەل، حكومەت، دادگاكان، هێزە چەكدارەكان یان هەر دەستەیەكی نیزامی و دەسەڵاتێكی گشتی، بەرژەوەندی یان فەرمانگەیەكی فەرمی و نیمچە فەرمی بكات، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، یان حەبسكردنی یاخود غەرامەكردنی".