ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنە وادەی ڕۆیشتنی هیکتۆر فۆرت لە تیپەکەی دیاریکرد لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا. بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، یاریزانەکە جانتاکانی کۆدەکاتەوە و دوای یارییەکەی بەرامبەر ڕیال مایۆرکا دەڕوات.
بارسا لە وەرزی نوێی لالیگا بەرامبەر مایۆرکا دەستپێدەکات، ئەمەش کۆتا یاری فۆرت دەبێت لەگەڵ بلاوگرانا، ڕاستەوخۆ دوای ئەو یارییە لە ڕیزی یانەکە دەڕوات.
تا ئێستا بارسێلۆنا شوێنی داهاتووی فۆرتی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەو یاریزانه چەندین ئۆفەری پێ گەیشتووە و لەگەڵ ئیدارەی یانەکە ڕێککەوتوون بۆ هەڵبژاردنی یەکێک له و ئۆفەرانه و لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
هەرچەندە بەرشەلۆنە بەهایەکی زۆر بە هیکتۆر فۆرت دەدات، بەڵام چانسی یاریکردنی لە هێڵی بەرگری ڕاست لەگەڵ جولس کوندی و ئێریک گارسیا کەم دەردەکەوێت. بۆیە یانەکە دەیەوێت بە خواستن لە یانەکە دووریبخاتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی گەشەسەندنی یاریزانە تەمەن 19 ساڵەکە مسۆگەر بکات.
سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بارسێلۆنا ئارەزووی فرۆشتنی ئەو یاریزانە دەکات، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە نایەوێت ئەستێرە لاوەکەی بۆ هەمیشە لەدەست بدات و ڕەنگە زیاتر کراوە بێت بەرامبەر بیرۆکەی ئەوەی بە خواستن بچێتە دەرەوە لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانەکە.
یانەی ڕیال مایۆرکا بە ئەگەری زۆرترین شوێنی فۆرت دادەنرێت لە ماوەی داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت یاریزانەکە پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕیارێک بدات.